چارەنووسی فینالیسیما لە مەترسیدایە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن فینالیسیما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا کۆتایی ئەم مانگە یاریی فینالیسیما لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی شەڕەوە چارەنووسی ئەو یارییە بەتەواوی دیارنییە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان بڵاویانکردەوە، یەکێک لە یارییە بەهێز و چاوەڕوانکراوەکان کە بڕیارە رۆژی 27ـی ئەم مانگە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا بەڕێوەبچێت، یارییەکە لەژێر هەڕەشەدایە و ئەگەری هەیە دوابخرێ.
 
یارییەکە لە یاریگەی لوسەیل بەڕێوەدەچێت، چەند رۆژێک لەمەوبەر بەفەرمی فرۆشتنی سەرجەم بلیتەکانی ئەو یارییە راگەیێنرا و لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانی کۆپا ئەمریکا و یۆرۆ دەکەن و دەیانەوێت یاریی مێسی و لامین یامال بەرامبەر یەکدی ببینن.
 
لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئێرانیش وەکو وەڵامێک هێرشی کردە سەر زۆرینەی ئەو وڵاتانەی بنکەی سەربازیی ئەمریکای لێیە و یەکێک لەو وڵاتانەش قەتەری میوانداری ئەو یارییە، بۆیە ئەگەری هەیە یارییەکە دوابخرێت، یانیش بگوازرێتەوە بۆ وڵاتێکی ئارام.
 
پێشتر ماتیا گرافسترۆم سکرتێری گشتیی فیفا رایگەیاندووە، لە چاودێریکردنی دۆخەکە بەردەوامدەبن، بۆ ئەوەی بڕیار لەبارەی چالاکییەکانی تۆپی پێ بدەن.
 
فینالیسما تاوەکو ئێستا لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان، چارەنووسی یارییەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ئەگەری هەیە مافی میوانداریی ئەو یارییە لە قەتەر وەربگیرێت، بەتایبەت کە یارییەکانی خولی قەتەر راگیراون، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاش یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردە و چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیای دواخستووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە