ئیسپانییەکان یاریی فینالیسیما رەتدەکەنەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فینالیسیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبنە هاوڕای لویس دی لافۆینتێی راهێنەریان، کە پێشتر داوای کردبوو شوێنێکی دیکە بۆ یاریی فینالیسیما لەجیاتی قەتەر دیاری بکرێت.
 
کۆمەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئیسپانیا لە بڵاوکراوەیەکدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە ئەنجامدانی یاریی فینالیسما لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا لە قەتەر، ئەمەش بەهۆی هەڵکشانی گرژی و ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەکانی رابردوودا.
 
لە پەیامێکدا کە لەماڵپەڕی فەرمی خۆیان بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵەی یاریزانە پیشەگەرەکانی ئیسپانیا داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا و یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور کردووە شوێنی یارییەکە بگۆڕن، کە تاوەکو ئێستا بڕیار وایە لە یاریگای لوسێل لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت. لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە "بەهیچ شێوەیەک نابێت یارییەکە لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی سەلامەتی و گیانی یاریزانەکانمان نەخرێتە مەترسییەوە".
 
 کۆمەڵەی یاریزانانە پیشەگەرەکانی ئیسپانیا ئەم بڕیارەی تەنیا بۆ فینالیسما نەبووە، بەڵکو ئاماژەی بە یارییەکی پاڵاوتنی مۆندیالی ئافرەتانیش کردووە کە بڕیارە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر ئۆکراینا لە تورکیا ئەنجامی بدات، کە ئەو ناوچەیەش بەهۆی نادیاریی هێرشەکانەوە دۆخێکی ناجێگیری هەیە. لەو بارەیەوە لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە "ناتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین کە لەم بارودۆخەدا زۆر شوێن لەوانەیە ببنە ئامانجی مووشەک، یان هەر کایەیەکی ئاسمانی لە هەر ساتێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوە دابخرێت، ئەمەش یاریزانەکان دەخاتە بارودۆخێکی زۆر سەختەوە".
 
هەروەها تێدا هاتووە "لە لایەکی دیکەوە، تێگەیشتن لەوە زۆر قورسە لەکاتێکدا حکومەتە جیاوازەکان (وەک حکومەتی ئیسپانیا) خەریکی گواستنەوە و رزگارکردنی هاوڵاتییانی خۆیانن لەو ناوچانەی ئەگەری هێرشی سەربازییان لەسەرە، کەچی هاوکارە یاریزانەکانمان بنێردرێن بۆ یەکێک لەو شوێنانە بۆ ئەنجامدانی یارییەکی تۆپی پێ".
 
ئەم داوایەی سەندیکاکە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی لویس دی لافۆینتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، پێشتر جەختی لەسەر پێویستی دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤێک کردبوو  و گوتبووی "چارەسەر ئەوەیە، وەک تێدەگەم، تا ئەو کاتەی نەتوانرێت لەوێ یاری بکرێت، شوێنێکی دیکە بدۆزرێتەوە ئەگەر گونجاو بێت. پێموایە دانوستاندنەکان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن و خەڵک لە هەموو ئاستەکاندا کار بۆ ئەوە دەکەن".
 
ئەمە لەکاتیکدایە کە یوفا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا "بیر لە هیچ شوێنێکی دیکە بۆ جێگەی دەوحە ناکەنەوە" و هەڵوێستی سەرەتایییان ئەوەیە کە تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی بڕیارێکی کۆتایی بدەن.
 
سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی تۆپی پێ لە قەتەر تاوەکو کاتێکی نادیار راگیراون، ئەمەش دوای ئەو بڕیارەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەو وڵاتە لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە دەریکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە