رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دێربیی لەندەنە، هەردوو یانەی ئارسیناڵ و چێڵسی لە یارییەکی گەورەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، گانەرز بۆ بەهێزکردنی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە و بلۆز بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەند.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی پرێمەرلیگدا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:30 یانەی ئارسیناڵ لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی چێڵسی دەکات، یارییەکە بۆ هەردوولا گرنگییەکی زۆری هەیە.
بۆ ئارسیناڵ بردنەوە لەم یارییەدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو جیاوازییە کەمەی بکات کە لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیەتی، جگە لەوە هیچ ئەنجامێکی دیکە لە بەرژەوەندی تیپەکەی میکێل ئارتێتادا نییە، بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات، بەتایبەت کە ئێستا تەنیا دوو خاڵ لە رکابەرەکەیەوە دوورە.
ئارسیناڵ دوای ئەوەی لە دوو یاریی بەدوای یەکدا لەگەڵ برێنتفۆرد و ولڤەرهامپتۆن یەکسانبوو، بە ئەنجامێکی گەورە لە گەڕی رابردوودا لە تۆتێنهامی بردەوە، ئەوە بردنەوەیەک بوو لە دێربیی باکووری لەندەن و ئەمشەویش دەیەوێت دێربییەکی دیکە بباتەوە.
بەر لە یارییەکە هەریەکە لە بێن وایت، کای هاڤێرتز و ماکس دۆومان گەڕاونەتەوە نێو مەشقەکانی ئارسیناڵ و تەنیا میکێل مێرینۆ بۆ یارییەکە ئامادەنییە.
یانەی چێڵسی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات، بەڵام چاوی لە هەڵکشانی زیاترە بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە، بۆ ئەوەش پێویستی بەبردنەوەی دێربیی لەندەنە.
بلۆز لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە و لە دوو گەڕی رابردووی پرێمەرلیگدا لەگەڵ دوو یانەی پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکە کە لیدز یونایتد و بێرنیلن یەکسانبووە و لەو دوو یارییەدا چوار خاڵی لەدەستدا.
ئەم یارییەی نێوان هەردوو تیپ لەکاتێکدایە پێشتر لە قۆناخی پێشکۆتایی کاراباو کەپدا ئارسیناڵ لە سەرەتای مانگی رابردوودا لە چێڵسی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
لیام رۆسێنیۆر، راهێنەری یانەی چێڵسی دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بۆ بردنەوە لە ئارسیناڵ بهێنێت، لەکاتێکدا یانەکە لە 10 یاریی رابردووی بەرامبەر گانەرز هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و دەیەوێت ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەو گرێیە بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ