رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 دەکات و دەڵێت "لە سەرەتاوە متمانەی تەواومان بە پاڵەوانەکانمان هەبوو بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە." و هەر بەو بۆنەیەوە دوو رۆژ لە عێراق کرایە پشووی فەرمی.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا دەڵێت " پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلە سەربەرزەکەمان دەکەین بۆ ئەو دەستکەوتە وەرزشییەی کە پاڵەوانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەدەستیانهێنا بە گەیشتنیان بۆ کۆتایییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦ و هاتنەدی خەونی هاندەرانمان کە چاوەڕوانی ئەم دەستکەوتە گەورەیە بوون. سەرکەوتنی هەڵبژاردەی نیشتمانیمان بۆ کۆتایییەکانی جامی جیهانی، وێستگەیەکی گرنگە لە کاروانی وەرزشی عێراقدا و پێگەی وڵاتەکەمان لەم مەیدانە جیهانییەدا جێگیر دەکات، هەروەها دووپاتکردنەوەی ئیرادەی بەهێزی گەنجانمانە کە سوورن لەسەر بەرزکردنەوەی ناوی عێراق لە هەموو مەیدانەکاندا، لەوانەش مەیدانی وەرزشی."
سوودانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی "ئێمە لە سەرەتای دەسپێکی یارییەکانی پاڵاوتنەوە، سوور بووین لەسەر پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەواو بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی و یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لەم ئەرکە نیشتمانییەدا و متمانەی تەواومان بە توانای پاڵەوانەکانمان هەبوو بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە و سەرکەوتن بۆ جاری دووەم بۆ کۆتایییەکانی مۆندیال و بەرزکردنەوەی ناوی وڵاتەکەمان لە لووتکەی شکۆ و سەرکەوتندا."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیوویەتی "بەم بۆنەیەوە، هەموو سوپاس و پێزانینمان بۆ هاندەرانی عێراق لە هەر شوێنێک بن، کە لە هەموو ئەرکە نیشتمانییەکان و کاروانی پاڵاوتنەکاندا پاڵپشتی هەڵبژاردەکەمان بوون، هەروەها سوپاس و پێزانین بۆ هاندەرانی وڵاتانی برا و دۆست کە پشتیوانی هەڵبژاردەکەمان بوون و دووپاتیان کردەوە کە وەرزش تەنیا مەیدانی رکابەری نییە، بەڵکو پردی خۆشەویستی و پەیوەندی نێوان گەلانە."
دوای ئەوەش محەممەد شیاع سوودانی لە پەیامێکی دیکەدا رایگەیاند، بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 ئەمڕۆ و سبەی پشووی فەرمی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ