رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق، دوای 40 ساڵ جارێکی دیکە گەیشتە مۆندیال و وەکو دوایین هەڵبژاردە گەیشتە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە دوایین یاریی پاشکۆی کۆتایی جامی جیهانیی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بۆلیڤیا لە مەکسیک رووبەڕووی یەکبوونەوە و عێراق یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
سەرەتا لە خولەکی 10 عەلی حەمادی، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد.
لە خولەکی 38 مۆسیس پانیاگوا ئەنجامەکەی بۆ بۆلیڤیا یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەمی یارییەکە بە یەکسانبوون تەواو بوو.
لە سەرەتای نیوەی دوەومدا ئەیمەن حوسێن لە خولەکی 53 بۆ جاری دووەم تۆری گۆڵی بۆلیڤیای هەژاند و جارێکی دیکە عێراقی پێشخست.
دوای ئەوە عێراق دەیویست پارێزگاری لە ئەنجامەکەی بکات و بۆلیڤیاش بە ئامانجی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە یاریی دەکرد.
یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندیی عێراق کۆتاییهات، هەڵبژاردەکە دوای ئەنجامدانی 21 یاریی لە پاڵاوتنەکاندا خۆی گەیاندە مۆندیال.
عێراق لە دوای ساڵی 1986ـەوە یەکەمجارە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و دوای 40 ساڵ خەونی گەیشتنی بە مۆندیال بووە راستی.
لە مۆندیالی 2026 عێراق لە کۆمەڵەی رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال دەبێت.
چەند یاریزانێکی کوردستانی رۆڵی گەورەیان بینی لە سەرکەوتنی عێراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، یوسف ئەمین، مارکۆ فەرەج، پیتەر گۆرگیس، رێبین سولاقا و ئەیمار شێر کە بەشێکیان لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بەشێوەی سەرەکی یارییان دەکرد.
عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، 21 یاریی ئەنجامدا، 13 یاریی بردەوە، 5 جار یەکسانبوو و 3 یاریی دۆڕاند، ئەیمەن حوسێن 9 گۆڵی تۆمارکرد و رۆڵی گەورەی لە سەرخستنی هەڵبژاردەکەدا بینی بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
.png)
.png)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ