رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) رایگەیاند، سەرەڕای دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی جەنگی ئێران، هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 بەشدار دەبێت و یارییەکانی کۆمەڵەکەشی هەر لە ئەمریکا دەکات.
رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، ئینفانتینۆ لە کاتی ئامادەبوونی لە یارییەکی دۆستانەی نێوان ئێران و کۆستاریکا لە تورکیا راگەیاند: "ئێران لە مۆندیالدا دەبێت و یارییەکانی لەو شوێنانە دەکرێن کە بەپێی تیروپشکەکە بۆی دیاریکراوە."
سەرۆکی فیفا کە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە یاریگەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەکە ئامادە بوو گوتی: "من تیپەکەم بینی و قسەم لەگەڵ یاریزانەکان و راهێنەر کرد، هەموو شتێک ئاساییە. ئێران تیپێکی زۆر بەهێزە و من زۆر دڵخۆشم بە بەشدارییان."
بەپێی خشتەی دیاریکراوی یارییەکانی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئێران یەکەمین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە رۆژی 15ـی حوزەیران لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا بەرامبەر هەڵبژاردەی نیوزیلاند ئەنجام دەدات.
دواتر لە هەمان شار و لە رۆژی 21ـی حوزەیران رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەلجیکا دەبێتەوە، کۆتا یاریی خۆیشی لەم قۆناخەدا لە رۆژی 27ـی حوزەیران لە شاری سیاتڵ بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر ئەنجام دەدات.
بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە هەڵگیرساوە، گومانێکی زۆر لەسەر بەشداریی ئێران هەبوو. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو کە باشترە تیمی ئێران "لەبەر سەلامەتیی گیانی خۆیان" گەشت نەکەن بۆ ئەمریکا، بەڵام فیفا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وڵاتانی خانەخوێ دەبێت پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ پێشوازیکردن لە هەموو تیپەکان.
مەهدی محەممەد نەبی، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە تورکیا راگەیاند، ئەوان پابەندی بڕیارەکانی فیفا دەبن و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئینفانتینۆ پشتگیرییەکی گەورەی مەعنەویی پێداون. پێشتر باس لەوە دەکرا کە ئێران داوای کردووە یارییەکانی لە ئەمریکاوە بگوازرێتەوە بۆ مەکسیک، بەڵام قسەکانی ئینفانتینۆ کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ