رووداو دیجیتال
سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و سەلام حوسێنی سکرتێری یەکێتییەکە و 3 ئەندامی دیکەش راگەیاند و گوتی "ئەم بڕیارە کۆتاییە و پاشگەزبوونەوە نییە".
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، سەرەتا پەیامێکی دایە ئەوانەی دەیانگوت یەکێتییەکەیان بە تاپۆ گرتووە و بوێری دەستلەکارکێشانەوەیان نییە و گوتی "ئەوە نزیەکەی 17 ساڵە لەم یەکێتییە هەورازی و نشێوی زۆرمان بینیوە، زۆر زەحمەتیمان بینیوە و شانازی بە کارەکانمان دەکەین، بەڵام شەش تا حەوت جار دەستلەکارکێشانەوەمان پێشکەشکردووە، کەچی قبوڵیان نەکردووە و نەیانهێشتووە بڕۆن".
سەفین کانەبی سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە هەمیشە پشتیوانیان بووە و گوتی "بەتایبەتی سوپاسی کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە ئەوکاتەی سەرۆکی حکومەت بووە زۆر یارمەتی داوین و هەمیشە پشت و پەنامان بووە".
هەروەها گوتیشی "زۆر سوپاسی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیش دەکەین، کە ئەویش پشتیوانمان بووە".
کانەبی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان لەبەر ئەوە نەچوونە کە پارە نەبووە و گوتی "کاتێک ئەمڕۆ یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەجێدەهێڵین، 509 ملیۆن دینار لە خەزێنەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستاندایە و رادەستی ئەوانە دەکەین کە دێنە جێگەی ئێمە".
ئەو سوپاسی هەموو یانەکان، سەرۆک یانەکان، یاریزانان، سەرپەرشتیارانی یارییەکان، هاندەران و میدیاکانی کرد و گوتی "داوای لێبوردن لە هەموویان دەکەم، بەتایبەتی ئەوانەی رۆژێک لە رۆژەکان لە بڕیارێکی ئێمە ناڕازیبوونە، هیوادارم هەمووان یارمەتی ئەو برایانە بدەن کە دێنە شوێنی ئێمە، ئەوانیش کوردن و دەیانەوێت خزمەتی وەرزشی کوردستان بکەن و پێویستییان بە یارمەتی هەموو لایەکە".
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە گەورەترین شانازییان ئەوەبوو کە هەڵبژاردەی کوردستانیان داناوە و گوتی "لە مێژوودا کوردستان هەڵبژاردەی نەبووە، کەچی ئێمە دروستمانکرد، بۆیە ئەوە گەورەترین شانازیمانە".
ئەو هیواشی خواست ستافی نوێش بەردەوامبن لە خزمەتکردنی وەرزشی کوردستان و دووپاتیکردەوە کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان دەبن.
سەفین کانەبی لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا، دانی بەوەدا نا کە تاریق عەبدولڕەحمانی یاریزانی پێشووی یانەی هەولێر، جێگەی ئەو دەگرێتەوە و گوتی "دەستلەکارکێشانەوەمان لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لەسەر داوای ئێمە بووە و زۆر خۆشحاڵم کە تاریق عەبدولڕەحمان دەبێتە سەرۆکی یەکێتییەکە، چونکە ئێمە دوو هاوڕێی نزیکین و چەندین ساڵ پێکەوە یاریمان کردووە".
سەفین کانەبی، لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هەوڵیانداوە یەکێتییەکەیان بکەنە ئەندامی فیفا، بەڵام پێیان نەکراوە و گوتی "لە ماوەی کارکردنماندا زۆر هەوڵمانداوە، یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ببێتە ئەندامی فیفا، بەڵام ئەوە بڕیارێکی بەهێز و سیاسیی پێویستە و دەبێت عێراق رەزامەندیی لەسەربێت".
هەروەها گوتیشی "هیوادارن ئەوانەی جێگەمان دەگرنەوە لەسەر دەستی ئەوان یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان ببێتە ئەندامی فیفا".
سەفین کانەبی بە پەیامنێری رووداویشی گوت "بێزار و ماندوو و بێتاقەت بووین، دۆخی تەندروستیشمان باش نییە، بۆیە بڕیارماندا دەرفەت بە کەسانێکی دیکە بدەین".
هەروەها گوتیشی "لەوانەیە قسەیەک بکەم بڵێن سەفین زیادەڕوویی دەکات، بەڵام بڕوام پێبکەن بەهۆی کارەکانی تۆپی پێی کوردستانەوە 4 مامم هەیە، ماڵی هیچ یەکێکیان پێنازانم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ