رووداو دێجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە، دەنگۆی دواخستنی وادەی دەستپێکردنی خولی نایابی کوردستان رەتدەکاتەوە.
بەهۆی نائامادەیی چەند یانەیەک و دەنگۆی کشانەوەی بەشێکی یانەکان لە خولی نایابی کوردستان، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە دەستپێکی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێت و ئەمە بووە پرسیار بۆ هاندەرانی یانەکانی کوردستان.
رووداو سپۆرتس بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە رووی لە یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان کرد و لەو بارەیەوە دارەوان حەمە، گوتەبێژی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "هەموو ئامانجمان ئەوەیە وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 22ـی10ـی2025 دەستپێبکات".
ئەو هەروەها گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ هەموو پاڵپشتییەک پیشانداوە بۆ ئەوەی خولەکە بەباشترین شێوە بەڕێوەبچێت".
دارەوان حەمە زیاتر دەڵێت "جیاواز لە وەرزەکانی رابردوو، بەئەگەری زۆرەوە ئەم وەرزە بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی وەرزی نوێ بودجەی تەواوی خولەکە وەردەگرین، بەمەش ئەگەری رووبەڕوبوونەوەی کێشەی دارایی لە خولەکەدا زۆر کەمتر دەبێتەوە".
رۆژی 17ـی مانگی 10ـی ئەمساڵ لەسەر یاریگای نەورۆز یاریی کۆتایی جامی سوپەری کوردستان لەنێوان هەندرێن و شێروانە بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ