رووداو دیجیتاڵ
فابیان هۆرتزلەر، راهێنەری یانەی برایتۆنی ئینگلیزی رایگەیاند، تیپەکەی پەنایان بردووەتەوە بەر یاریزانێکی هونەرەجەنگییەکانی ناسراو بە (ئێم ئێم ئەی)، لەپێناو تاقیکردنەوەی شێوازی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپی جێگیر لە پرێمەرلیگ.
هۆرتزلەر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ لە پرێمەرلیگ ئاشکرایکردووە، "کارەکە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش ئەنجامدراوە، ئامانج لێی پتەوکردنی توانای جەستەیی یاریزانانی تیپەکەیە، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوە تاکەکەسییەکانی نێو ناوچەی سزا".
ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە دەڵێ، "زۆر قسەمان لەبارەی تۆپە جێگیرەکانەوە کرد، هەروەها چۆنیەتی بەرگرتن لێی و ئاراستە نوێیەکانی پرێمەرلیگ. ئێمە هەوڵدەدەین لەگەڵ هەموو شتەکاندا بگونجێین، لەبەرئەوەی پێموایە یانەکەمان دەزانێت کە نابێ تیپەکەمان تەنیا تیپێکی نەرمونیان بێت".
ئەو هەروەها گوتوویەتی، "هەندێک سات، دەبێ تووندبین، بەتایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی دوو بەدوو. رێگەی جیاواز هەیە بۆ بەکارهێنانی جەستە و لێهاتووییەکانی، لەپێناو بردنەوەی بەرکەوتنە یەک بەیەکییەکاندا، بەتایبەت لە تۆپی جێگیردا. یاریزانانی ئێم ئێم ئەی، بەردەوام لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆدا دەژین، ئەرکی ئەوان دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکەیان، ئێمە دەبێ ئیلهام لە بیرۆکەی یارییەکانی دیکەوە وەربگرین".
هۆرتزلەر زیاتر ئاماژەی بەوەداوە کە تیپەکەی سوودی لەو ئەزموونە وەرگرتووە، دووپاتیکردووەتەوە کە برایتۆن بەمێژووی خۆی وەک تیپی زاڵ بەسەر تۆپی جێگیردا ناسراوە، هەر بۆیە تیپەکە بەدوای رێگە و داهێنانی نوێدا دەگەڕێت. ئەو هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە دەبێ بایەخ بە شێوازی نوێ بدەن بۆ هاوتابوونەوەی ئەو تیپانەی باڵایان بەرزە، لە رێگەی باشترکردنی راوەستان و بەکارهێنانی شێوازی نوێ، لەکاتی بەرکەوتنەکاندا".
هۆرتزلەر ناوی ئەو زۆرانبازەی ئێم ئێم ئەی ئاشکرانەکردووە کە تیپەکەی هێناویەتی. بەڵام ئەوە روونە کە یانەکانی پرێمەرلیگ پەنا بۆ بەکارهێنانی شێوازی نوێ دەبەن لەکارەکانیان و داهێنانی تێدا دەکەن.
پێشتر میکێل ئارتێتای راهێنەری ئارسیناڵ، پەنای بردبووە بەر دوو کەسی تەڕدەست بۆ ئەوەی کەلوپەلی یاریزانەکانی بشارنەوە، لەپێناو زیادکردنی سەرنجدانی یاریزانەکان. هەمان راهێنەر سەگێکی بردبووە نێو یانەکە بەناوی 'وین' لەپێناو پتەوکردنی رۆحی هاوکاریی نێوان یاریزانەکانی.
هۆرتزلەر تەمەنی تەنیا 33 ساڵە، دووەم گەنجترین راهێنەرە لە مێژوودا، سەرپەرشتیکردنی تیپێکی پرێمەرلیگی وەرگرتبێت. ئەو راهێنەرە لە تەمەنی 31 ساڵییەوە کاروانی خۆی لە خولەکەدا دەستپێکردووە.
یاریزانەکانی هۆرتزلەر پەسنی هەنگاوەکەی ئەو راهێنەرەیان داوە و رایانگەیاندووە سوودی زۆریان لە کارەکە بینیوە.
برایتۆن ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە و 50 خاڵی هەیە، لە دوایین هەشت یاریی خۆیدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاوە و چاوی لە کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکانی وەرزی داهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ