دیشام سوپرایزێکی گەورەی بۆ مۆندیال هەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دیدێ دیشام هۆگۆ لۆرێس مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەنیازە پێش مۆندیالی2026 سوپرایزێکی گەورە ئەنجام بدات و لە هەنگاوێکی نائاساییدا یاریزانێک بگەڕێنێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەکەی، کە وازی لە یاریکردنی نێودەوڵەتی هێناوە.
 
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ئاشکرای کردووە کە دیشامی تەمەن 57 ساڵ، بەجددی بیر لە بانگهێشتکردنی هۆگۆ لۆرێسی گۆڵپارێز دەکاتەوە بۆ لیستی فەرەنسا لە مۆندیالی داهاتوو، کە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک میوانداری دەکەن، سەرەڕای ئەوەی گۆڵپارێزەکە لە کانوونی دووەمی 2023 بەفەرمی وازهێنانی نێودەوڵەتی خۆی راگەیاندبوو.
 
رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە کە دیشام دەیەوێت یاریزانێک بانگهێشت بکات کە خاوەن ئەزموونێکی زۆر بێت لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا، بەتایبەتی دوای کەمبوونەوەی بژاردەکان بۆ پێگەی گۆڵپارێزی سێیەم کە ئێستا لەبەردەستیدایە.
 
کاروانێکی پڕ لە دەستکەوت
 
لۆرێسی تەمەن 39 ساڵ، بە یەکێک لە دیارترین گۆڵپارێزەکانی مێژووی هەڵبژاردەی فەرەنسا دادەنرێت، کە 145 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە و لە 121 رووبەڕووبوونەوەدا وەک کاپتن پێشەوایەتی تیپەکەی کردووە.
 
لۆرێس کاروانی نێودەوڵەتی خۆی بە بردنەوەی مۆندیالی 2018ـی رووسیا و نازناوی نەیشنسلیگی 2021 گەورەتر کرد، ئەمەش وایلێدەکات ببێتە یەکێک لەو یاریزانانەی زۆرترین نازناویان لە مێژووی هەڵبژاردەکەدا بەدەستهێناوە.
 
قەیران لە پێگەی گۆڵپارێزی سێیەمدا
 
بەپێی لیکیپ، بیرکردنەوەی دیشام لە بانگهێشتکردنەوەی لۆرێس لە کاتێکدایە کە لوکاس شێڤالیێ، گۆڵپارێزی پاریس سانجێرمان، لەم وەرزەدا بە بەردەوامی لەگەڵ یانەکەی بەشداری ناکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئامادەیی بۆ یارییە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.
 
هەروەها رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دیشام بەتەواوی بە بژاردەکانی ئەلفۆنس ئاریۆلا یان ژان بۆتێز قایل نییە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی گۆڵپارێزی سێیەم، ئەمەش وایلێکردووە بیر لە چارەسەرێکی نائاسایی بکاتەوە کە ئەویش گەڕانەوەی لۆرێسە.
 
رۆڵی راوێژکاری و سەرکردایەتی
 
رۆژنامە فەرەنسییەکە جەختی کردووەتەوە کە دیشامپ پێویستی بە ئەزموونی لۆرێس هەیە نەک تەنیا لەناو یاریگادا، بەڵکو لەناو ژووری جلگۆڕینیشدا، کە دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەری هەبێت لە رێکخستنی کەشوهەواکە و پێشکەشکردنی ئامۆژگاری بۆ ئەو بەهرەمەندە لاوانەی بەشداری مۆندیال دەکەن.
 
لیکیپ هەروەها روونیکردەوە کە پێگەی گۆڵپارێزی سێیەم رۆڵێکی یەدەگە و تەنی لە حاڵەتی نائاساییدا بانگهێشت دەکرێت بۆ یاری، وەک تووشبوونی گۆڵپارێزی یەکەم یان دووەم بە پێکانێکی سەخت یان سزادان.
 
لۆرێس داوای یارمەتی رەتناکاتەوە
 
لیکیپ پێشبینی دەکات کە لۆرێس، سەرەڕای وازهێنانی فەرمی، داوای هاوکاریکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی رەتناکاتەوە ئەگەر داوای لێبکرێت، بەتایبەتی کە ئەو رۆڵەی بۆی پێشنیار کراوە پێویست ناکات خۆی بەسەر پێکهاتەی سەرەکیدا بسەپێنێت، بەڵکو تەنیا بەشدارییەکی هونەری و مەعنەوی دەبێت.
 
ئەزموونی کانتێ رێگەکە خۆش دەکات
 
رۆژنامەکە لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گەڕانەوەی ئەستێرەیەکی بەئەزموون بۆ ریزەکانی فەرەنسا لای دیشام شتێکی نامۆ نییە، کە پێشتر ئینگۆلۆ کانتێی بانگهێشت کردەوە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی دواییدا، سەرەڕای دوورکەوتنەوەی زۆری لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە