رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریددا بەڕووی هاوڕێکانیدا تەقیوەتەوە و هەندێکیانی بەوە تۆمەتبارکردووە کە هۆکاری وەرزە خراپەکەی یانەی شاهانە بوونە.
یانەی ریال مەدرید لە پشتپەردەوە یەکێک لە پڕگرژیترین قۆناخەکانی ساڵانی دوایی بەخۆیەوە دەبینێت، لەگەڵ پەرەسەندنی قەیرانەکانی ناو ژووری جلگۆڕین بەشێوەیەکی بێوێنە، ئەمەش هەڕەشە لە سەقامگیریی تیپەکە دەکات لە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا.
کەشێکی ناجێگیر
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی شاهانە، کەشی ناو تیپەکە چیدی جێگیر نییە؛ لە ناکۆکییەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆوە دەست پێدەکات و تێپەڕ دەبێت بە گرژیی پەیوەندیی نێوان ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر و دانی کارڤاخال، تاوەکو دەگاتە گەورەترین قەیرانی ئێستا کە پاڵەوانەکەی کیلیان ئێمباپێیە.
ئێمباپێ هێرش دەکاتە سەر هاوڕێکانی
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی Journal du Real بڵاویکردووەتەوە، ئەستێرە فەرەنسییەکە کەوتووەتە پێکدادانی تووند لەگەڵ ژمارەیەک لە یاریزانانی تیپەکە، و هەندێکیانی تۆمەتبار کردووە بەوەی بوونەتە هۆی 'تێکدانی وەرزەکە'، و خۆی بە یەکێک لەو کەمینەیە دادەنێت کە ئاستی پێویستیان پێشکەش کردووە، بەپشتبەستن بە ژمارەی گۆڵەکانی.
بێلینگهام سەرکردایەتی بەرەی ناڕازی دەکات
ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە جود بێلینگهام یەکێک بووە لە دیارترین نەیارانی ئەم بۆچوونە، کاتێک رووبەڕووی ئێمباپێ بووەتەوە و رەخنەی لە ئاستی گرتووە لە هەندێک یارییدا، و پاڵپشتی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی ناو ژووری جلگۆڕینی بەدەستهێناوە.
ئەو رەخنانەی ئاراستەی ئێمباپێ دەکرێن تەنیا لەو خاڵەدا نەوەستاون، بەڵکو ئەمانەش دەگرێتەوە:
* لاوازیی پابەندبوونی بە ئەرکی بەرگریکردن.
* کەمیی بەشداریی لە یاریی بەکۆمەڵ.
* پاشەکشەی کاریگەرییەکەی لە دەرەوەی گۆڵ تۆمارکردن.
هەروەها هەندێک یاریزان پێیانوایە ژمارەکانی گوزارشت لە کاریگەرییەکی راستەقینە ناکەن، لەژێر رۆشنایی کەمیی ئەسیستەکانی بەراورد بە هاوڕێکانی و پشتبەستنی زۆری بە ماندووبوونی تیپەکە.
تۆمەتەکان قەیرانەکە دەسووتێنن
مەترسیدارتر لەوەش، هەندێک دەنگ لەناو تیپەکەدا دەستیان کردووە بە تۆمەتبارکردنی ئێمباپێ بەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی کۆمەڵەکە هەیە، چ لەڕووی شوێنەکەی لەناو یاریگادا یان دروستنەکردنی کەلێن، کە ئەمەش رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر کارایی هێرشبەری و رێکخستنی بەرگری تیپەکە.
لەبەر ئەمەیە کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە ریال مەدرید بەهۆی ئەم دۆخە ناسەقامگیرە هەم پێویستی بە راهێنەرێکی تووند هەیە، هەم پێویستە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەش دەستوەردان بکات بۆ سنووردانان بۆ هەندێک ئەستێرە و بۆ ئەوەی پەیامی ئەویان پێبدات لە هیچ یاریزانێک و ناوێک لەسەرووی ریال مەدرید نییە و یانەکە لەوانە گەورەترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ