رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ، محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە شاندی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق دەکات، ئەوەش وەک رێزگرتنێک لەو "دەستکەوتە مێژووییە"ی کە بۆ جاری دووەم لە مێژوویاندا توانییان بگەنە جامی جیهانی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە یاریزانان و دەستەی کارگێڕی و تەکنیکیی هەڵبژاردەی عێراق دەکات. بڕیاریشە سبەی شەممە، لە کۆشکی حکومی رێوڕەسمێکی فەرمییان بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رێکبخرێ کە نیوەڕۆخوانیش لەخۆدەگرێ.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سبەی "کەرنەڤاڵێکی جەماوەری گەورە" بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بەڕێوەدەچێ و تێیدا یاریزانان بە پاسێک لە گۆڕەپانی ئازادییەوە بەرەو ناوچەی جادرییە و زانکۆی بەغدا بەنێو شەقامەکانی پایتەختدا دەڕۆن، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە نزیکەوە بەشداریی خۆشییەکانی سەرکەوتن بۆ مۆندیالی 2026 بکەن.
1ی نیسان، لە دوایین یاریی پاشکۆی کۆتایی جامی جیهانیی 2026، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بۆلیڤیا لە مەکسیک رووبەڕووی یەک بوونەوە و عێراق یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
بەو بردنەوەیەش هەڵبژاردەی عێراق توانی بۆ دووەم جار لە مێژوویدا بگاتە جامی جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ