بەهۆی هاوژینەکەیەوە، برۆنۆ دەستەوارەی خەیاڵیی سعودییەکانی رەتکردووەتەوە

03-06-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن برۆنۆ فێرناندێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

برونۆ فێرناندێز، یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دەستەوارەیەکی زەبەلاحی خولی سعودیەی رەتکردووەتەوە، سەرچاوەکان دەڵێن، هاوژینەکەی برۆنۆ هۆکاری رەتکردنەوەی دەستەوارەکە بووە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، وەکئەوەی سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی هیلالی سعودی هەنگاوی گەورەی ناوە بەئاراستەی گرێبەستکردن لەگەڵ برۆنۆی کاپتنی مانچێستەر یونایتد. تەنانەت لەسەر خاڵە کەسییەکان رێکەوتنیان لەگەڵ کردووە، بەڵام لە دواساتدا ئەو یاریزانە دەستەوارەکەی رەتکردووەتەوە.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، دەستەوارەی سعودییەکان بۆ برۆنۆ لەلایەن یانەی هیلالەوە بووە. ئەو یانەیە کە لە مۆندیالی یانەکان بەشدارە، ویستوویەتی بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، گواستنەوەکە تەواو بکات، بەڵام لە دوا ساتدا هاوژینەکەی برۆنۆ هەموو شتێکی هەڵوەشاندووەتەوە.
 
میدیاکان ئاشکرایانکردووە، یانەی هیلال لەسەر ئەوە لەگەڵ ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە رێکەوتوون، مووچەی ساڵانەی 77 ملیۆن یۆرۆ بێت، ئەو بەرێکارەکانی گواستنەوەکە رازیبووە، بەڵام لە دوایین پەیوەندیدا لەگەڵ نوێنەرانی یانەی هیلال، داوای لێبوردنی کردووە و هۆکارەکەی بۆ خێزانەکەی گێڕاوەتەوە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، هۆکارە راستەقینەکە ئەوەیە کە هاوژینەکەی برۆنۆ پاش بیرکردنەوە، رازی نەبووە بچێتە سعودیە و لەوێ بژی، هەربۆیە ئەو یاریزانەش لە کۆتاییدا بڕیاریداوە لە ئەورووپا بمێنێتەوە و نەچێتە سعودیە.
 
برۆنۆ فێرناندێز لە 2020ەوە لەگەڵ مانچێستەر یونایتدە و لە 195 یاریدا، 62 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە