برۆنۆ فێرناندێز ریکۆردێکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەشکێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن برۆنۆ فێرناندێز
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

برۆنۆ فێرناندێز، کاپتنی یانەی مانچێستەر یونایتد گەیشتە دەستکەوتێکی مێژوویی نوێ، جارێکی دیکە گرنگیی خۆی بۆ یانە سوورپۆشەکە سەلماندەوە. ئەم یاریزانە پۆرتوگالییە لە یاریی بەرامبەر تۆتێنهام ئاستێکی بەرزی نیشاندا، بە تۆمارکردنی گۆڵێک و ئەسیستێک، بووە دووەم خێراترین یاریزان لە مێژووی یانەکە بگاتە 200 بەشداریی گۆڵ، بەوەش پێش چەندین ئەفسانەی ناوداری یانەکە کەوت.
 
مانچێستەر یونایتد لە یاریی لوتکەی گەڕی رابردووی پرێمەرلیگ، چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێنا، کاتێک بەئەنجامی 2-0 لە تۆتێنهامی بردەوە. برۆنۆ فێرناندێز گۆڵی دووەمی تیپەکەی تۆمارکرد.
 
فێرناندێز 10 خولەک پێش تەواوبوونی یارییەکە، سوودی لە پاسێکی دیۆگۆ دالۆت وەرگرت و سەرکەوتنی تیپەکەی مسۆگەرکرد، بەتایبەت دوای ئەوەی تۆتێنهام بەهۆی کارتی سووری کریستیان رۆمێرۆوە بە 10 یاریزان مابووەوە.
 
ئەم گۆڵە بووە هەشتەم گۆڵی برۆنۆ لەم وەرزەی پرێمەرلیگ، ئێستا بەکۆی گشتی 18 بەشداریی گۆڵی هەیە. کاپتنەکەی یونایتد بە دروستکردنی 12 گۆڵ، باشترین دروستکەری یارییە لە خولەکەدا، نزیکترین رکابەریشی رەیان شەرقییە بە 7 ئەسیست.
 
فێرناندێز بەم دەستکەوتە، بووە دووەم خێراترین یاریزان لە مێژووی مانچێستەر یونایتد بگاتە 200 بەشداریی گۆڵ (گۆڵ و ئەسیست). تەنیا واین روونی لەم ریکۆردەدا پێش ئەو کەوتووە، روونی لە 295 یارییدا 133 گۆڵ و 67 ئەسیستی هەبوو، لەکاتێکدا برۆنۆ لە 314 یارییدا 104 گۆڵ و 96 ئەسیستی تۆمارکردووە. بەپێی ئامارە جیهانییەکان، برۆنۆ پێش ئەستێرەکانی وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ (339 یاریی)، دەیڤد بێکهام (393 یاریی)، رایان گیگز (424 یاریی) و پۆڵ سکۆڵز (564 یاریی) کەوتووە.
 
برۆنۆ فێرناندێز دوای یارییەکە ستایشی کارەکانی مایکڵ کاریکی کرد، ئاماژەی بەوەدا یونایتد لەسەر دەستی ئەو گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە. برۆنۆ بۆ میدیا ئینگلتەرا گوتی "پێموایە مایکڵ بە بیرۆکەیەکی دروستەوە هات، ئازادی و بەرپرسیارییەتی دایە یاریزانەکان بۆ بڕیاردان لەنێو یاریگەدا، دەمزانی دەبێتە راهێنەرێکی گەورە و ئێستا ئەوەی سەلماند".
 
مانچێستەر یونایتد ئێستا لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی پرێمەرلیگە، تەنیا 3 خاڵ لە ئاستۆن ڤێلا و مانچێستەر سیتی دوورە. رۆژی 10ـی مانگی 2ـی 2026، تیپەکەی کاریک رووبەڕووی وێستهام دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە