نەورۆز لە سەهۆڵەکەی سلێمانی زەماوەند دەکات

03-07-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

یانەی نەورۆز بۆ یەکەمجار لە مێژووی دروستبوونیدا بۆ خولی نایابی عێراق سەرکەوت و وەرزی داهاتوو یەکێک دەبێت لە یانە بەشدارەکانی خولی نایابی عێراق.

نەورۆز لە تەمەنی 20 ساڵی دروستبوونیدا، ئەمە یەکەمجارە دەچێتە کێبڕکێی خولی نایابی عێراقەوە، دوای یانەی سلێمانی، دەبێتە دووەم یانەی شاری سلێمانی کە بەشداری خولی نایابی عێراق دەکات.

جێگر عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی بە ئامادەبوونی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی یانەی نەورۆزیشە، لە سەهۆڵەکەی سلێمانی پێشوازی لە تیمی نەورۆز دەکات بەهۆی سەرکەوتنیان بۆ خولی نایابی عێراق، بڕیارە لە سەهۆڵەکەی سلێمانی کەرنەڤاڵی پێشوازی لە یاریزانانی یانەکە رێکبخرێت کە چەندین بەرپرسی حیزبی و حکومی تێدا بەشداری دەکەن و بڕیارە جەماوەرێکی زۆر لە پێشوازی تیپەکەدا بن".

سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو، جێگر عەبدوڵڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەنیا 10 رۆژ پشوو وەردەگرین، پاشان دەست دەکەین بە دانانی پلان و ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو، هەروەها ئامادەش نین دەستبەرداری وەلی کەریمی راهێنەری یانەکە ببین و هەوڵ دەدەین پارێزگاری لە یاریزانەکانمان بکەین بۆ وەرزی داهاتوو".

ئەمڕۆ لە شاری بەغداد یانەی نەورۆز بە گۆڵێکی بێوەڵام بەسەر یانەی جنسییە سەرکەوت و خۆی گەیاندە خولی نایابی عێراق.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە