ڤیدیۆ؛ هێرشکرایە سەر هاندەرانی ئامەدسپۆر و چەند هاندەرێک برینداربوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە بۆدروم هێرشکرایە سەر هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر و چەند هاندەرێک برینداربوون، یانەی ئامەدسپۆر دەڵێت "کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدار و ئاسایشپارێزەکان قبوڵ ناکەین."
 
یانەی ئامەدسپۆر لە خولی پلە یەکی تورکیا بەرامبەر یانەی بۆدروم سپۆر یارییکرد، بەر لە یارییەکە و لە دوای یارییەکەش هێرشکرایە سەر ئەو هاندەرە کوردانەی بۆ پاڵپشتیکردنی ئامەدسپۆر چوو بوونەوە یاریگە و پاسێکی هاندەرانی یانەکە بەردباران کرا، بەو هۆیەوە ژمارەیەک هاندەر برینداربوون، کە لە نێویاندا ژن و منداڵیش هەن.
 
یانەی ئامەدسپۆر لە دوای ئەو هێرشانە بۆ سەر هاندەرانی راگەیێندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت "ئەو هێرشانەی کە پێش یارییەکەی بۆدروم سپۆر کرانە سەر هاندەرانمان، بەداخەوە دوای یارییەکەش بەردەوام بوون. ئەم هەوڵە ئاژاوەگێڕانەی کە پێش دەستپێکردنی یارییەکە دەستیانپێکردبوو، دوای یارییەکە چڕتر بوونەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هاندەرانمان بریندار بوون."
 
ئامەدسپۆر نووسیوویەتی "سەرەڕای ئەو هێرشانەی کە پێش یارییەکە روویاندا، بە ڕوونی رایدەگەیەنین کە وەرنەگرتنی رێکاری ئەمنیی پێویست دوای یارییەکە و دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر هاندەرانمان، بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین.
جارێکی دیکە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە پێچەوانەی رۆحیەتی "وەرزشیی جوان و کولتووری هاندەرانن."
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا یانەکەی باکووری کوردستان دەڵێت "ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە ئەم رووداوانە، کردەوەی گرووپە ئاژاوەگێڕەکانە. وەک بنەماڵەی ئامەدسپۆر، بەردەوام دەبین لە وەستانەوە دژی ئەم جۆرە هێرشانە، دەستپێکردنی رێکارە یاساییە پێویستەکان و خەبات بۆ پاراستنی ئاسایش و مافی هاندەرانمان دەکەین."
 
ئامەدسپۆر ساڵانە لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکانی تۆپی پێی تورکیادا رووبەڕووی بەربەستی زۆر دەبێتەوە، چ لە رێگریکردن لە چوونی هاندەرانیان بۆ یاریگەکانی دەرەوە، چ لە هێرشکردنە سەر هاندەرانی یانەکە، جگە لەوەش چەندینجار لەنێو یاریگەی یانە جیاوازەکاندا هاندەرانی یانەکانی تورکیا دروشمی رەگەزپەرستیان لە دژی یاریزانانی ئامەدسپۆر گوتووتەوە.





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە