ساندرۆ رۆسێل، لێدوانەکانی خوان لاپۆرتا لەبارەی دۆسێی نێگرێرا بەدرۆدەخاتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا ساندرۆ رۆسێل خوان لاپۆرتا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکی پێشووتری یانەی بارسێلۆنا لەبارەی دۆسێی نێگرێراوە چووە بەردەم دادوەر و میدیاکان دەڵێن، سوپرایزێکی گەورەی تەقاندووەتەوە، کاتێک قسەکانی خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستای یانەکەی بەدرۆ خستووەتەوە.
 
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، ساندرۆ رۆسێل، سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا لە نێوان 2010 تاوەکو 2014 و ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە لەماوەی سەرۆکایەتی لاپۆرتا لە 2003 تاوەکو 2005، لە قسەکردنی لەبەردەم دادوەردا وەک گەواهیدەرێک لەسەر دۆسێیەکە، ئاشکرایکردووە ئەو لەماوەی سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتادا، خۆسێ ماریا نێگرێرای لە نێو یانەکەدا بینیوە.
 
ئەو قسەیەی رۆسێل تایبەتمەندییەکی گەورەی هەیە، چونکە پێچەوانەی قسەکانی لاپۆرتایە لەبەردەم هەمان دادەوەردا بەر لە چەند رۆژێک، کە رەتیکردبووەوە چاوی بە نێگرێرای یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا کەوتبێت.
 
رۆسێل، وەکئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، "ساڵی 2003 چاوم بەبەڕێز نێگرێرا کەوت، کاتێک بۆ یەکەمجار وەک ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە دەستبەکاربووم، ئەوکات نازانم کێبوو، بەڵام یەکێکیان ئەوی بەمن ناساند وەک ئەو کەسەی بەدرێژایی مێژوو، راوێژی ناوبژیوانیی لەگەڵ یانەکە هەبووە".
 
بەو قسە کورتە، رۆسێل وادەکات ناسینی نێگرێرا لە بارسێلۆنا و لەماوەی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، کارێکی دامەزراوەیی و بەردەوام بووبێت.
 
رۆسێل هەروەها، رۆڵی نێگرێرا دەستنیشاندەکات لەچوارچێوەی پڕۆسەی ئاسایی یانەکە لەماوەی چەندین ساڵدا، ئاماژەش بە پەیوەندیی کەسی و هەر بڕیارێک نادات کە نێگرێرا سەربەخۆیانە وەری گرتبێت، بەڵکو وەک کارێک لە چوارچێوەی دامەزراوەییدا دەیناسێنێت.
 
بەپێی قسەکانی ئەو سەرۆکەی پێشوو، "گرێبەستکردن لەگەڵ نێگرێرا، بەشێک بووە لە پڕۆسەیەک کە ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە پەسندی کردووە".
 
روسێل روونیکردووەتەوە، لەنێوان 2003 تاوەکو 2005، ناوە ناوە بەڕێز نێگرێرام لە یاریگەدا دەبینی کە راپۆرتەکانی ئامادە دەکرد و لەبارەی ناوبژیوانانەوە، ئامۆژگاریی یانەکەی دەکرد.
 
ئەو ئامادەبوونەکەی نێگرێرای بەپچڕ پچڕ و کاریگەر ناوبردووە.
 
سەرۆکی پێشوو دەڵێ، "پێموایە زۆرینەی کات نەدەهاتە یاریگەوە، لەبەرئەوەی روونە تۆ کاتێک ئامۆژگاریی ناوبژیوانیی دەکەیت، وا باشترە لە رێگەی شاشەوە بیکەیت، چونکە ئەوکات بەو رێگەیە دەتوانیت گرتەکانیش دووبارە بکەیتەوە و قسەکانت کاریگەرتر و وردتر بێت".
 
رۆسێل هەروەها بەڕوونی زنجیرەی کارکردنی نێگرێرای لەگەڵ بارسا ئاشکرا کردووە. ئەو دەڵێ، "کاتێک لە 2005 دەستم لەکارکێشایەوە، تاوەکو ساڵی 2010 هەرگیز نەمبینییەوە" ئەوەش روونیدەکاتەوە کە دابڕانێکی زۆر هەیە لە نێوان رۆیشتنی ئەو لە یانەکە و کۆبوونەوەی جارێکی دیکەی لەگەڵ نێگرێرا.
 
کۆبوونەوەی دواتری رۆسێل لەگەڵ نێگرێرا، لەپاش بوونی ئەو بووە بە سەرۆکی یانەکە.
 
ئەو دەڵێ، "کاتێک هەڵبژاردنەکانمان بردەوە، گرێبەستەکەمان بەمیرات بۆ مایەوە، هاوشێوەی سەد گرێبەستی دیکە".
 
رۆسێل بەو قسەیە دووپاتیکردووەتەوە کە کارکردن لەگەڵ یانەکە بەردەوامبووە و لەماوەی کاری ئەودا، وەک سەرۆکی یانەکە، سەری هەڵنەداوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەم گێڕانەوەیەی رۆسێل، پارچەیەکی دیکەی گیڕانەوە یاساییەکەی دۆسێیەکەیە. ئەو دانیپێدادەنێت کە نێگرێرای ناسیوە و لە یانەکە بووە لەماوەی سەرۆکایەتی لاپۆرتا. بەڵام ئەوە لە چوارچێوەی باسکردنێکی کاتی و هونەریدا دەکات، بەبێ ئەوەی  دەستنیشانی بکات سرووشتی پەیوەندییەکەی نێوان نێگرێرا و یانەکە چۆن بووە.
 
پێشتر، لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا بەرگری لە گواستنەوەی پارە بۆ کۆمپانیاکانی نێگرێرا کردبوو، روونیکردبووەوە ئەوە پەیوەندی بەئەنجوومەکانی پێشووی کارگێڕییەوە هەیە و بۆیە بڕیاریداوە بەردەوام بێت، چونکە وایداناوە خزمەتگوزارییەکە سوود بەیانەکە دەگەیەنێت.
 
لاپۆرتا گوتبووی، "کارگێڕیی یانەکە لایەنی سوودمەندی شرۆڤەکان بووە. نازانم کەی دەستیپێکردووە، بەڵام بەر لە سەرۆکایەتیی من بوو. پێیانگوتم کە راوێژ هەیە، وامدانا باشە بەردەوام بێت".
 
لاپۆرتا هەروەها گوتبووی، راپۆرتەکان هەموو کات کوڕەکەی نێگرێرا ئامادەی دەکردن، لە کاتێکدا کوڕەکەی نێگرێرا دەڵێ، من ئەوکارەم نەکردووە.
 
پێشبینیکراوە مشتومڕەکانی پەیوەست بەدۆسێی نێگرێرا لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام بێت، چونکە چەندین کەسایەتیی دیکەی بارسێلۆنا دەچنە بەردەم دادوەر بۆ قسەکردن لەسەر هەمان دۆسێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە