بۆچی بارسێلۆنا شکستی هێنا لە گەڕانەوە بۆ یاسای 1:1؟

03-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا یاسای 1:1
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرەڕای هەنگاونانێکی باشی بارسێلۆنا لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، یانەکە ناتوانێت بەپێی یاسای "1:1"ـی تایبەت بە یاریی دارایی خاوێن کاربکات، کە ئامانجی سەرەکی بوو.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتـی ئیسپانی، کارگێڕیی خوان لاپۆرتا و لیژنەی وەرزشیی بە سەرۆکایەتیی دیکۆ، لەسەر ئاستی گرێبەستەکانی هاوینەدا سەرکەوتوو بوون، پاش ئەوەی سێ یاریزانی نوێیان بۆ پێکهاتەکە هێنا: گۆڵپارێز خوان گارسیا، مارکوس راشفۆرد و روونی بەرداخچی.
 
هەروەها بلاوگرانا 10 یاریزانی بە یەکجار کەمکردەوە، دیارترینیان ئینیگۆ مارتینێز بوو کە بەشێوەیەکی لەناکاو چووە یانەی نەسڕی سعوودی، لەگەڵ پاو ڤیکتۆر، پابڵۆ تۆرێ، ئانسو فاتی، ئیناکی پێنیا، هێکتۆر فۆرت، ئۆریۆل رۆمیۆ، کلیمێنت لێنگلێت، ئاسترالاگا و ئەلێکس ڤالێ.
 
ئەم گواستنەوەیە داهاتی راستەوخۆی 19.5 ملیۆن یۆرۆی بۆ یانەکە مسۆگەرکرد، هەروەها ئاستی مووچەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، بەتایبەتی بە رۆیشتنی مارتینێز، فاتی و لێنگلێت.
 
هەروەها کۆی داهات بۆ زیاتر لە 47 ملیۆن یۆرۆ بەرزبووەوە بەهۆی ئەو رێژانەی کە لە گواستنەوەکانی پێشوو و یاریزانانی یەدەگدا ماوەتەوە، دیارترینیان 11 ملیۆن یۆرۆ لە گرێبەستی ترینکاو و 8.5 ملیۆن یۆرۆ لە گرێبەستی تودیبۆ.
 
بەڵام سەرەڕای ئەم ژمارانە، بارسێلۆنا نەیتوانی بگەڕێتەوە یاسای "1:1" بەپێچەوانەی ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2025 کردی بەهۆی گرێبەستی فرۆشتنی 475 کورسیی VIPـی یاریگای سپۆتیفای کامپ نو بۆ ماوەی 30 ساڵ بە کۆمپانیاکانی "فۆرتییا ئەدڤایسۆر لیمیتەد" و "نیو ئێرا ڤیژناری" بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ، ئەم گرێبەستە ئەوکاتە رێگەی بە تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر دا.
 
لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا، بارسێلۆنا 30 ملیۆن یۆرۆی لە "فۆرتییا" و 28 ملیۆن یۆرۆی لە کۆی 70 ملیۆن یۆرۆ وەرگرت کە "نیو ئێرا" پابەندی بوو، لەکاتێکدا خشتەیەکی کاتی بۆ کۆکردنەوەی 42 ملیۆن یۆرۆی ماوە، دانرا، نیوەی ئەو پارەیە بڕیارە لەم مانگی ئەیلوولەدا بگات، و ئەوەی دیکە لە 2026دا پێش داخستنی ساڵی دارایی 2025-26.
 
بەڵام بارسێلۆنا تووشی راپۆرتی وردبینی دارایی "کروو سپین" بوو، کە کۆی بڕی 100 ملیۆن یۆرۆکەی لە بودجەکەدا نەکردە ژمێریاری، تەنیا 58 ملیۆن یۆرۆی تۆمارکرد، کە بەشێوەیەکی کردەیی وەرگیرابوو، ئەمەش بارسێلۆنای بێبەش کرد لە بەردەوامبوون لە بەدەستهێنانی یاسای "1:1" کە تەنیا سێ مانگ لێی سوودمەند بوو بۆ نوێکردنەوەی هەندێک گرێبەست.
 
بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هیچ نیگەرانییەکیان نییە سەبارەت بە وەرگرتنی قیستی یەکەمی بڕە پارە ماوەکە و ئێستا کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی قیستی دووەم.
 
دوای گەیشتنی ئەم پارانە لەگەڵ گەرەنتییەکاندا، بارسێلۆنا پێشبینی دەکات کە لە کۆتاییدا بگاتە ئامانجە خوازراوەکەی لە گەڕانەوە بۆ یاسای "1:1" و بەتەواوی ئازادی لە بازاڕی گواستنەوەدا کاربکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە