رووداو دیجیتاڵ
دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی یانەی سەیدسادقە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی یانەکە، بەڵام کۆتایی کۆبوونەوەکە بەدڵی کەس نەبوو و بڕیاری کشانەوەی یانەکە لە خولی نایابی کوردستان درا و قوفڵ لە دەرگای یانەکە درا.
تەیب رەشید، سەرۆکی یانەی سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " هۆکاری کشانەوەی یانەکەمان کێشەی داراییە و مانگە نزیکەی 30 ملیۆن دینار خەرجیی یانەکەیە، تاوەکو ئێستا کە بۆ ئێوە قسەدەکەین هیچ بەڵێنێکی کە بە ئێمە دراوە جێبەجێنەکراوە، بۆیەش بڕیارمانداوە یانەکە هەڵبوەشێنینەوە و شتێک ناهێڵین بەناوی یانەی سەیدسادق."
یانەی سەیدسادق یەکێک لە جوانییەکانی تۆپی پێی کوردستانە و بەهۆی ئەو ئاستەی پێشکێشی دەکات و ئەو ژمارە زۆرەی هاندەرانییەوە لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە خاوەنی ناوبانگێکی زۆر، بەڵام دەبێتە قوربانی کێشەی دارایی و بڕیارییداوە بەشداری لە خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا نەکات.
ماوەی مانگێک بوو یانەکە دەستی بە مەشق و راهێنان کردبوو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، بەڵام هەموو ئەو بەڵێنانەی بە یانەکە دران لە قسە زیاتر نەبوون و نەبوونە کردار، ئەمەش یانەکەی ناچار کرد بڕیارە قورسەکە بدات، یاریزانەکانیش ئازاد دەبن لەوەی بچنە هەر یانەیەکی دیکە
بەڵێن فایەق، یاریزانی یانەی سەیدسادقە و بە رووداوی گوت " یانەکە ئەمساڵیش هیچ داهاتێکی نییە، مانگێکە راهێنان دەکەین و هیچ بڕە پارەیەکمان وەرنەگرتووە، بەمەش دەستبەرداربوونی خۆمان لە یانەکە وەردەگرین و پەیوەندی بە یانەکانی دیکەوە دەکەین."
سەیدسادق وەرزی رابردوو ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد و پلەی سێیەمی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا، ئەوان بەهیوای بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی خولەکە خۆیان ئامادەدەکرد، بەڵام هیواکانیان لەنێو چوون و لە وەرزی نوێدا هاندەرەکانی بە رەنگی سوور و سپیی یانەکەوە نابینرێن.
وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بڕیارە لە 13ـی ئەم مانگە دەستپێبکات، لە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشەکانی و بەشداریکردنی لە خولەکەدا، یەکەم یاریی سەیدسادق بەرامبەر یانەی زاخۆ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ