ریال مەدرید چۆن خۆی لە رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنا رزگار دەکات؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا یانەی ریال مەدرید رێڕەوی رێزلێنان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا لە یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا نزیکبووەتەوە دوای ئەوەی لە گەڕی 31ـی لالیگادا، بەئەنجامی 4-1 لە هاوشارەکەی ئیسپانیۆلی بردەوە و جیاوازییەکەی لەگەڵ رکابەرەکەی ریال مەدرید بۆ 9 خاڵ زیادکرد، بەمەش ئێستا ئامانجی ریال مەدرید تەنیا ئەوەیە چۆن خۆی لە ئەنجامدانی رێڕەوی رێزلێنان رزگار بکات.
 
بارسێلۆنا پێویستی بە 13 خاڵە لە کۆی 21 خاڵ بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوەکە، بەڵام ریال مەدرید هەوڵ دەدات بەرگری لە شکۆی خۆی بکات و لە گەڕی 35ـدا بە جۆرێک بچێتە یاریگای کامپ نو کە دووربکەوێتەوە لە دروستکردنی رێڕەوی رێزلێنان بۆ رکابەرەکەی.
 
رێڕەوەی رێزلێنان لە دەربڕینی گیانی وەرزشی و سڵاوکردن لە پاڵەوانەوە گۆڕا بۆ وێنەیەکی سووکایەتی، ئەمەش وای لە زینەدین زیدان کرد لە ساڵی 2018 بڕیار بدات یاریزانەکانی لە ئەنجامدانی رێڕەوی رێزلێنان بۆ رکابەرە پاڵەوانەکەی قەدەخە بکات لە کاتی سەردانکردنیان بۆ یاریگای کامپ نو و گوتی "رێڕەوی رێزلێنان بۆ بارسێلۆنا ئەنجام نادەین، ئەمە بڕیاری منە".
 
لەڕووی ژمارەییەوە، بارسێلۆنا پێویستی بەوەیە نازناوەکە پێش کلاسیکۆ یەکلابکاتەوە، ئەمەش بەمەرجێک ریال مەدرید لە 3 یاریی داهاتوودا 4 خاڵ لەدەست بدات و لە بەرامبەردا بارسێلۆنا هەموو خاڵەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەبێت تیپی راهێنەر ئەلڤارۆ ئەربێلوا لێی بەدووربن.
 
پێش گەشتکردن بۆ یاری کلاسیکۆ، ریال مەدرید لە یاریگای خۆی رووبەڕووی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دەبێتەوە، پاشان دەچێتە دەرەوەی یاریگای خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال بێتیس و ئیسپانیۆل، لە کاتێکدا بارسێلۆنا میوانداری سێلتا ڤیگۆ دەکات و دەبێتە میوانی خیتافی و ئوساسۆنا.
 
لە ئەگەرێکدا ئەگەر ریال مەدرید لە لەدەستدانی 4 خاڵ بەدوور بێت، ئەوا بەبێ ئەنجامدانی رێڕەوی رێزلێنان دەچێتە کامپ نو، بەڵام بارسێلۆنا هەلی ئەوەی دەبێت بە بردنەوە لە یاریی کلاسیکۆدا نازناوەکە بۆ خۆی یەکلابکاتەوە.
 
بەڵام پێش ئەوە، ریال مەدرید پێویستی بەوەیە دەستکەوتێک لە میونشن بەرامبەر بایرن میونشن بەدەستبهێنێت بۆ رزگارکردنی وەرزەکە.
 
لە ئەگەری چوونە دەرەوە چامپیۆنزلیگ، کلاسیکۆ دەبێتە گورزێکی کوشندە بۆ وەرزێکی کارەساتبار کە تێیدا تیپەکە هەموو نازناوەکانی لەدەستدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە