رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی جامی عەرەبدا ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی یەکەمی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:30 هەڵبژاردەی عێراق لە یاریگەی 974 بەرامبەر هەڵبژاردەی بەحرەین یاریی دەکات و ئەمە یەکەم دەرکەوتنی هەڵبژاردەکە دەبێت لە جامی عەرەبی ئەمجارەدا.
عێراق نزیکەی هەفتەیەکە لە دەوحەیە و خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات، شەوێک بەر لە یارییەکە مارکۆ فەرەج، یاریزانی کورد، بەهۆی رێککەوتنی لەگەڵ یانەیەکی ئەورووپی کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن ڤێنیزیای ئیتاڵی بێت، ریزەکانی هەڵبژاردەکەی بەجێهێشت و چووە ئیتاڵیا.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی عەرەب، شێرکۆ کەریم و ئاکام هاشم دوو یاریزانی کوردن و بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کراون.
عێراق لە جامی عەرەبدا مێژووییەکی گەورەی هەیە و خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و 4 جار بووەتە پاڵەوان.
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "شێوازی مەشقکردنی یاریزانەکانمان لە دوو شەوی ڕابردوودا بینیوە. وزەیەکی زۆریان هەبووە و نایاب بوون. وەک چۆن لە رۆژی یەکەمەوە بە یاریزانەکانم وتووە: 'ئەمە دەرفەتی ئێوەیە. ئەمە شانۆی ئێوەیە. خۆتانم پێشانبدەن.' بێگومان یارییەکەی بەحرەین یارییەکی سەخت دەبێت. هیوادارم بڕواتان بەم کوڕانە هەبێت و منیش بڕوام وایە ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکەین و یارییەکە دەبەینەوە. پێویستە یاریزانەکان خاوەنی ئەم عەقڵیەتە بن."
راهێنەری عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەمانە یاریی دۆستانە نین. دەتوانم بە ڕێژەی ١٠٠٪ بڵێم هەر کاتێک ئەم درێسە لەبەر دەکەیت بەم لۆگۆیەوە، تۆ یاری بۆ وڵاتەکەت دەکەیت. بۆیە شتێک نییە بە ناوی یاریی دۆستانە. پەیامی من بۆ یاریزانەکان بەم شێوەیەیە، کاتێک هێڵە سپییەکە دەبڕن و دەچنە ناو یاریگاوە، دەبێت باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن و وڵاتەکەمان سەربەرز بکەن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ من تاوەکو یاریزانەکان ببینم، چونکە ئەگەر وەک کەمپی رابردوو تووشی پێکان ببین، کە پێنج یاریزانمان لێ دابڕا، دەزانن کە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر یاریزان گرنگە بۆ ئەوەی لە هەر پێگەیەکدا یاریزانی زیاتر دروست بکەین، تاوەکو منیش متمانە و بڕوام بەو یاریزانانە زیاد بکات، کە ئەمەش گرنگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ