سکانداڵێکی گەورەی نەیمار و هۆکاری دوورخستنەوەی لە بەرازیل ئاشکرا بوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 نەیمار دا سیلڤا هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی بەرازیل، هۆکاری سووربوونی کارلۆ ئەنچێلۆتی، لەسەر دوورخستنەوەی نەیمار لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکە، تەنیا پەیوەندی بەلایەنی جەستەیی ئەو یاریزانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەو یاریزانە سەرقاڵی قومارکردنە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، نەیمار بێباکیی گەورە و جۆرێک لە 'بێڕێزی' بەرامبەر ئەنچێلۆتی پێشانداوە، لەوەش خراپتر، سەرقاڵبوونیەتی بە کاری لاوەکییەوە، دوور لە تۆپی پێ.
 
ماڵپەرێکی بەرازیلی کە تایبەتمەندی بەدواداچوونی ژیانی کەسایەتی و ئەستێرەکانە، سوپرایزێکی گەورەی لەبارەی ژیانی نەیمارەوە ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، ئەو یاریزانە لە هەستیارترین دۆخی یانەی سانتۆسدا و لە کاتێکدا هەمووان هەوڵدەدەن باشترینی خۆیان پێشان بدەن، لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیال، سەرقاڵی پۆکەری ئۆنلاین بووە.
 
لە بەرازیل مشتومڕی زۆر لە ئارادایە لەبارەی بانگهێشتکردن یان نەکردنی نەیمار بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل، لەپێناو بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا.
 
ماڵپەری 'پۆرتاڵ لیۆ دیاس'ی بەرازیلی بۆمبێکی گەورەی تەقاندووەتەوە و ئاشکرایکردووە، نەیمار سەرقاڵی شتی دیکەی دەرەوەی تۆپی پێ بووە، لە کاتێکدا تیپەکەی (سانتۆس)، رۆژی یەکشەممە یارییەکی گرنگی لە دژی کرۆزیرۆی ژێرکەوتووی خولی بەرازیل هەبووە.
 
ماڵپەرەکە هەروەها دەڵێ، نەیمار لەو کاتەدا سەرقاڵی پۆکەر بووە بەشێوەی ئۆنلاین و ماوەی 16 کاژێری لە یارییکردن لەو قومارەدا، لە نێوان رۆژانی هەینی و یەکشەممەی رابردوودا بەسەربردووە.
 
ماڵپەرەکە هەروەها دەڵێ، بەئەژمارکردنی کۆی ئەو کاتانەی نەیمار لەسەر قومارەکە بەسەری بردووە، زیاتر لە 24 کاژێر بووە لەماوەی سێ رۆژدا.
 
نەیمار بەپێی ماڵپەرەکە زۆرینەی قومارەکەی بەئۆنلاین کردووە و کاتێک لە قومارکردن لەگەڵ کەسانی دەرەوەدا تەواوبووە، ئینجا لەگەڵ هاوڕێ و نزیکەکانی دەستیپێکردووەتەوە.
 
لەبەرامبەر ئەو زانیارییانەی ماڵپەرەکەدا، نەیمار هیچ لێدوانێکی وەک رەتکردنەوەی ئەو هەواڵە نەداوە، بەڵکو لە ستۆریی ئینستاگرامەکەی خۆی، نووسیویەتی، "زۆر دڵخۆشم بەئاستم".
 
رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی بەدواداچوونی بۆ هەمان چیرۆکی قومارکردنەکەی نەیمار کردووە و دەڵێ ئەوە سکانداڵێکی زۆر گەورەیە، لە کاتێکدا بەزمانی ئاڵنگارییەوە پۆستەکەی کردووە و باکی بەوە نییە کەلەسەری بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەو هەواڵانەی لەبارەی نەیمارەوە بڵاودەبنەوە لەسەر هەڵسوکەوتەکانی لە دەرەوەی یاریگە، وایکردووە نزیکترین کەسەکانی داوای لێبکەن چاوبخاتەوە سەر یارییکردن و توانای جەستەیی خۆی باش بکات، بۆ ئەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل رازی بکات، بیباتە مۆندیالی داهاتوو.
 
بڕیارە رۆژی 18ی مانگی پێنج، لیستی یاریزانە بەشدارەکانی بەرازیل بۆ مۆندیالی داهاتوو ئاشکرا بکرێن.
 
ئەنچێلۆتی، نەیماری لە دوایین لیستی هەڵبژاردەکە بۆ فیفا دەی ئەمجارە دوورخستەوە، لە کاتێکدا بەرازیل ئەمشەو بەرامبەر فەرەنسا یارییەکی دۆستانە لە ئەمریکا ئەنجام دەدات.
 
لە دوای راگەیاندنی لیستی بەرازیل بۆ دوو یاریی دۆستانەکەی ئەمجارە، بەرامبەر بەرازیل و کرواتیا، ئەو یاریزانە بەتووندی وەڵامی دایەوە و گوتی پێویستم بەسەلماندنی هیچ شتێک، بۆ هیچ کەسێک نییە. بەڵام کەسە نزیکەکانی نەیمار، بەردەوام لە میدیاکانەوە گوشار لەسەر ئەنچێلۆتی دەکەن، لەپێناو بانگهێشتکردنی بۆ مۆندیال.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت' دەڵێ، نەیمار دەیتوانی لە یاریگەدا وەڵامی راهێنەری هەڵبژاردەکەی بداتەوە، بەڵام لەبری ئەوە، ئەو لەناکاو بەشداریی لە یارییەکەی سانتۆس و کرۆزیرۆ نەکرد.
 
یانەی سانتۆس رایگەیاندبوو، نەیمار ماسوولکەکانی ماندوون، بۆیە بەشداری لە یارییەکەدا نەکردووە، بەڵام ئەو پێشتر بەشداریی  لە یاریی یانەکەی بەرامبەر میراسۆلیش نەکرد، لە کاتێکدا کارلۆ ئەنچێلۆتی چووبووە یارییەکە بۆ بینینی ئاستی ئەو.
 
وەک میدیای بەرازیل گوتوویانە، نەیمار پێشتر تەنانەت فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلیشی لەوە ئاگادارنەکردووەتەوە کە بەشداریی لە یارییەکەدا ناکات، ئەوەش تووڕەبوونی زۆر گەورەی ئەنچێلۆتی، بەدوای خۆیدا هێنا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە