رووداو دیجیتاڵ
یاریی لووتکەی گەڕی 20ـی پرێمەرلیگ لەنێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و چێڵسی دەبێت و یانە لەندەنییەکە بەبێ راهێنەر یارییەکە ئەنجامدەدات.
مانچێستەر سیتی بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ پلەی دووەم و دوورنەکەوتنەوە لە یانەی ئارسیناڵ، کاژێر 20:30 لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی چێڵسی دەکات و ئەمە لووتکەی رکابەرییەکانی ئەم گەڕەی پرێمەرلیگ دەبێت.
سیتی لە یاریی رابردوودا لەگەڵ یانەی ساندەرلاند یەکسانبوو و دوو خاڵی لەدەستدا، دوای بردنەوەی ئاستۆن ڤیلا لە نۆتینگهام، بەشێوەیەکی کاتی یانەکە چووەتە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە پلەی دووەم.
رایان ئایت نوری، ماتیۆ کۆڤاچیچ، جۆن ستۆنز، ئۆسکار بۆب بەهۆی پێکان و عومەر مەرمووش بەهۆی بەشداریکردنی لە جامی ئەفریقادا یاریی ناکەن.
یانەی چێڵسی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر بۆرنمۆوس یەکسانبوو، یانەکە لە دوایین سێ یاریی پرێمەرلیگدا هیچ بردنەوەیەکی نییە و دوای ئەو یارییە دوورخستنەوەی ئێنزۆ مارێسکا لە راهێنەرایەتیی یانەکە راگەیێنرا و ئەمڕۆ یانەکە بەشێوەیەکی کاتی لەلایەن کالوم ماک فارلانێ بەڕێوەدەبرێت و وەکو راهێنەری کاتیی تیپەکە لەسەر هێڵی یاریگە دەبێت.
چێڵسی ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولی ئینگلتەرایە، لە ئەگەری دۆڕانی لە یارییەکەی ئەمڕۆدا دەکرێت یانەکە چەند پلەیەکی دیکە لە ریزبەندی خولەکەدا دابەزێت.
لیڤی کۆلۆیل، رۆمیۆ لاڤیا پێکانیان هەیە و مۆسیس کایسیدۆ بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکانی بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
لە دوایین 11 یاریی نێوانیان لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، چێڵسی هیچ یارییەکی لە مانچێستەر سیتی نەبردووەتەوە و دوایین بردنەوەیان لە وەرزی 2020-2021 بووە لە جامی فا کەپدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ