100 ملیۆن لە لەندەنەوە بۆ ئەستێرەیەکی باشووری ئیتاڵیا

23-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پرێمەرلیگ سێریا ئەی چێڵسی ناپۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
یانەی چێڵسی داوای ئەستێرەیەکی سێریا ئەی دەکات و ئامادەیە 100 ملیۆن یۆرۆی پێبدات.
 
بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، یانەی چێڵسی ئینگلیزی هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ خڤیچا کڤاراتسخێلیا، ئەستێرەی یانەی ناپۆلی دەستپێکردووە و لەگەڵ چەندین یانەی دیکەی گەورەی ئەوروپا رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یاریزانەکە دەکەن.
 
دوای ئەوەی تۆد بۆیلی، ملیاردێری ئەمریکی لە مانگی 5ـی ساڵی 2022 بووە سەرۆکی یانەی چێڵسی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەك بلیۆن پاوەندی بۆ یانەکە خەرجکردووە بە مەبەستی ئەوەی تیپێكی بەهێز بخاتە بەردەست ماوریسیۆ پۆچیتینیۆی راهێنەری یانەکە. 
 
سەرەڕای خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، کێشەکانی یانە ئینگلیزییەکە لە هێڵی هێرشبەری بەردەوامە و کریستۆفەر ئینکۆکۆ بەهۆی پێکانەوە تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانەکەدا بەشداری هیچ یارییەکی نەکردووە و ئاستی نیکۆلاس جاکسۆنی هێرشبەریش نەیتوانیوە پۆچێتینیۆی راهێنەر قایل بکات. 
 
بەپێی دوایین هەواڵەکان، هەوڵەکانی چێڵسی بۆ بونیادنانی تیپێکی تۆکمە بەردەوامە و  خڤیچای هێرشبەری یانەی ناپۆلی دوایین ئامانجی یانەکەیە بە مەبەستی بەهێزکردنی هێڵی پێشەوەی یانە لەندەنییەکە.
 
ئاستە نایابەکەی خڤیچا وای کردووە ناوی یاریزانەکە بە هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید، مانچێستەر سیتی، بارسێلۆنا و نیوکاسڵ ببەسترێتەوە و رکابەرییەکی بەهێز لە ئارادایە بەمەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەکی ناپۆلی.
 
گرێبەستەکەی خڤیچا لەگەڵ ناپۆلی ساڵی 2027 تەواو دەبێت، بۆیە یانەکە بە ئاسانی دەستبەرداری نەبێت و پێشبینی دەکرێت لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە داوای 100 ملیۆن یۆرۆ بکەن. 
 
دوایین بردنەوەی خولی ئیتاڵی لەلایەن ناپۆلییەوە دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1990، کاتێك یانەکە لەسەردەستی دیێگۆ مارادۆنا توانی بۆ دووەمین جار نازناوی سێریا ئەی بباتەوە.
 
دوای ئەو نازناوە، هاندەرانی ناپۆلی 33 ساڵ لە چاوەڕوانی ئەستێرەیەك بوون کە خەونی بەدەستهێنانەوەی خولی ئیتاڵیان بۆ بەدیبێنێ، تاوەکو وەرزی رابردوو خڤیچا کڤاراتسخێلیا دەرکەوت و توانی لە 34 یاریدا بەشداری لە 25 گۆڵدا بکات و رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە بردنەوەی سێیەمین نازناوی سێریا ئەی لەلایەن ناپۆلییەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە