ڤیدیۆ؛ ئۆڵدترافۆرد دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی نێوان شەیتانەکان و لەندەنییەکان

06-12-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
ئۆلدترافۆرد
ئۆلدترافۆرد
نیشانەکردن ئۆلترافۆرد مانچێستەر یونایتد چێڵسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وەکئەو بۆچوونەی کە پێیوایە باشترین دەرچە بۆ لێقەوماوێک لەپێناو رزگاربوون لە دۆخی خراپی خۆی، رووبەڕووبوونەوەی لێقەوماوێکی هاوشێوەی خۆیەتی، ئەمشەو مانچێستەر یونایتد و چێڵسی، هەوڵی زیاتر لێقەوماندنی یەکدی دەدەن.
 
رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو یانەیە لە ساڵانی نزیکی رابردوودا، بەهۆی بەرەوسەرچوونی تواناکانی بلووز و هەڵکشانی بۆ نێو ریزی گەورەکانی ئینگلتەرا، تاموچێژ و گرنگییەکی دیکەی بە یارییەکە بەخشیوە، ئەمشەو وێڕای ئەو گرنگییە، دۆخی ناسەقامگیر و خراپی هەردوو یانە، وادەکات هەمووان چاوەڕێبن تاوەکو بزانن کێ دەتوانێ کێشەکانی ئەویدیکە قووڵتر بکات.
 
مانچێستەر یونایتدی خاوەن یاریگە، دۆخێکی ناسەقامگیر و زنجیرەیەک ئەنجامی بەرز و نزم و ئاستێکی شڵەژاوی هەیە. توانای بردنەوەی یارییەکانی خۆی بەسەریەکەوە نییە، ئەمساڵ رووبەڕووی هەر یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ بووبێتەوە، نەیتوانیوە لێی بباتەوە.
 
یارییە گرنگەکەی ئەمشەو بەرامبەر چێڵسی، لەوانەیە لە خراپترین کات و ساتدا بێت بۆ ئێریک تێن هاگی راهێنەری مانچێستەر یونایتد، کە ئەمڕۆژانە دەنگوباسی تێکچوونی تەواوی پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەشێک لە یاریزانانی یانەکە، باڵی بەسەر مانشێتی رۆژنامەکانی ئینگلتەرادا کێشاوە.
 
ئەوە هەواڵێکی نوێ نییە کە باس لە بوونی کێشە لە ژووری جلگۆڕینی مان یونایتددا دەکرێت، بەڵکو هەواڵە نوێیەکە ئەوەیە کە بەشێک لە یاریزانانی یانەکە بەتەواوی لە دژی راهێنەرەکەیان وەستاونەتەوە و ئامادەنین پشتگیریی بکەن.
 
لە بەرەکەی بلووزدا، ئەنجامی خراپ و ناسەقامگیری و کێشە هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا پێدەچێ هەمووان لە پشتی ماوریسیۆ پۆچەتینۆی راهێنەری یانەکەوە بن کە دەیەوێت یانەکە لە نێو زۆنگاوی کێشەکان بهێنێتە دەرەوە.
 
چێڵسی، پاش وەرزێکی زۆر خراپی ساڵی رابردوو، دیارنەمانی ستراتیجی بیرکردنەوەی کارگێڕیی و خاوەنە نوێیەکەی. خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەی یاریزاناندا، ئەمساڵ لەگەڵ راهێنەرێکی نوێدا رکابەرییەکانی خولەکەی دەستپێکرد، بەڵام ئەنجامی رووداوەکان، بەدڵی کەسنەبوو لە یانەکە.
 
سەرەتاکانی راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە لەگەڵ چێڵسی، بەرکەوتنی زۆری لەگەڵ پێکانی یاریزانان و ئەنجامی خراپدا هەبوو و ئەوانە وایانکرد، کە ئەنجامەکان بەدڵی هاندەران نەبن و تەنانەت دوای شەش یاریی هەفتەکانی سەرەتای خولەکە، یانەکە تەنیا یەک بردنەوەی بەدەستهێنابوو.
 
پۆچەتینۆ لە هەفتەکانی رابردوودا کەمێک باشبوونی لەگەڵ بلووزدا بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوە جێگەی دڵنیایی نییە و شکستی دوو گەڕ لەمەوپێش بەرامبەر نیوکاسڵ، دووپاتیکردەوە چێڵسی ناتوانێ بەئاسانی بگاتە ئەوەی هاندەرەکانی داوای دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە