بڵقی چین تەقییەوە.. 16 یانە مایەپووچ بوون و ئەستێرەکان هەڵدێن

04-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خولی تۆپی پێی چین مایەپووچبوون
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەکانی تۆپی پێی چین تووشی مایەپووچبوونێکی بەکۆمەڵ بوونە، بۆیە خولی ئەو وڵاتە لە زیادەڕوویی و خەرجیەکی لەڕادەبەدەرەوە گۆڕا بۆ گواستنەوەی بەکۆمەڵی یاریزانەکان و گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی چوونەدەرەوە لەو وڵاتە.

یانەی جیانگسۆ سۆنینگی پاڵەوانی خولی ناوخۆی چین مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و هەموو چالاکییەکانی راگرت، بەمەش بووە 16ـەمین یانەی چینی کە کەوتوونەتە نێو قەیرانی دارایی.

بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، ئەو یانەیە خۆی بەرامبەر قەرزە زۆرەکانی بەدەستەوەدا، کە نەیتوانی سوود لە بردنەوەی نازناوی خولی ناوخۆ وەربگرێت، بەهۆی خەرجکردنی بەردەوام لە کۆکردنەوەی ئەستێرەکان بە پارەیەکی خەیاڵی لە پێکهاتەکەیدا.

ئەو یانەیە بوو لە هاوینی رابردوودا نزیکبوو لە گرێبەستکردن لەگەڵ گاریس بەیڵی یاریزانی وێڵزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کە ئێستا بەشێوەی خواستن یاری بۆ یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی دەکات.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە قەیرانی ئابووری یانەکانی چین ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا دەستیپێکرد و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتەسەر کۆتاییەکەی بۆ یانە دەستبڵاوەکانی چین دانا، کە خودی پاڵەوانی خولی ناوخۆییشی گرتەوە، بەمەش ژمارەی ئەو یانانەی کە دیارنەمان 16 یانەن، دوای ئەوەی بڕی 380 ملیۆن یۆرۆیان لە گواستنەوەکاندا خەرجکرد.

گرانترین یاریزانی بیانی لە خولی چیندا ئێستا مایستۆرۆڤیچە، کە نرخەکەی 7.5 ملیۆن یۆرۆیە، کە ئەم ژمارەیە بەهیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت بەو 60 ملیۆن یۆرۆیەی لە کڕینی ئۆسکاری یاریزانی بەرازیلیدا خەرجکرا، یان ئەو 55 ملیۆنە یۆرۆیە پێش چەند ساڵێک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ هالاکی بەرازیلی دابینکرا.

ئەو سەرچاوانە روونی دەکەنەوە کە بڕیارەکانی حکومەتی چین بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستەوارە گرانبەها و گرێبەستە خەیاڵییەکان، بە ناچارکردنی یانەکان بۆ پێدانی هەمان بەهای کڕین یاریزانان بە یەکێتی تۆپی پێی چین، واتا ئەو گرێبەستەی 10 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، پێویستە 10 ملیۆن یۆرۆش بە یەکێتییەکە بدرێت، ئەمە جگە لەوەی رێگە نادرێت مووچەی ساڵانەکەی لە 3 ملیۆن یۆرۆ زیاتربێت، ئەمەش بووە هۆی هەڵهاتنی بەکۆمەڵی ئەستێرەکان لەنێوان یاریزانان و راهێنەراندا.

لە چین ئەم یاریزان و راهێنەرانە رۆیشتوون، تێکسێرا، هالک، پێلێ، ئیهالۆ، شەعراوی، رۆندۆن، رافا بینیتێز، ڤیتۆر پێریرا و برۆنۆ جینێسیۆ، ڤان برۆنکۆست.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە