رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی 2026، کە بڕیارە هاوینی داهاتوو لە وڵاتانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت، بە بەشداری 48 هەڵبژاردە و زۆربەی ئەستێرە جیهانییەکان دەبێت. لە بەرامبەردا ژمارەیەک ناوی دیار و درەوشاوە لەم پاڵەوانێتییە بێبەش دەبن، جا چ بەهۆی سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەکانیان یان بەهۆی پێکانی سەختەوە بێت. ئەمانە دیارترینیانن:-
1 - رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی - پۆڵەندا
هەڵبژاردەی پۆڵەندا لە یارییەکانی پاشکۆی ئەورووپا Play-offs بەرامبەر سوێد دۆڕا، ئەمەش واتا هێرشبەرە تەمەن 37 ساڵانەکە لە مۆندیالدا نابینرێت و ناتوانێت کاروانە نێودەوڵەتییەکەی بە بەشدارییەکی نوێ لە مۆندیال کۆتایی پێبهێنێت.
2 - جیانلویجی دۆنارۆما - ئیتاڵیا
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ جاری سێیەم لەسەریەک نەیتوانی بگاتە مۆندیال، بەمەش یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی جیهان لەم پاڵەوانێتییە بێبەش دەبێت. ئیتاڵیا دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاشکۆدا بەرامبەر بۆسنە و هەرزەگۆڤینا بە لێدانی سزا 4-1 دۆڕا، جارێکی دیکە نەیتوانی بگاتە مۆندیال.
3 - ساندرۆ تۆنالی - ئیتاڵیا
ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی، کە جێگەی بایەخی یانە گەورەکانی وەک ریال مەدرید، مانچێستەر یونایتد و مانچێستەر سیتییە، بەهۆی سەرنەکەوتنی ئیتاڵیاوە لە مۆندیالدا نابینرێت.
4 - راسموس هۆیلاند - دانیمارک
هەڵبژاردەی دانیمارک دوای ئەوەی بەرامبەر چیک تووشی شکست بوو، نەیتوانی بگاتە مۆندیالی 2026، ئەمەش وادەکات هێرشبەرەکەی مانچێستەر ونایتد لەم ئەزموونە جیهانییە بێبەش بێت.
5 و 6 - ڤیکتۆر ئۆسیمین و ئەدیمۆلا لوکمان - نایجیریا
هەڵبژاردەی نایجیریا لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەفریقا شکستی هێنا لە گەیشتن بە مۆندیال، بەمەش چەندین ئەستێرەی گەورە ون دەبن، دیارترینیان ئۆسێمینی هێرشبەری گاڵاتەسەرای و لوکمانی یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید.
7 - خڤیچا کڤاراتسخێلیا - جۆرجیا
ئەم یاریزانە بە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستای ئەورووپا دادەنرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، جۆرجیا زوو لە پاڵاوتنەکان چووە دەرەوە، مۆندیال ئەم بەهرەمەندە لەدەست دەدات.
8 - رۆدریگۆ - بەرازیل
ئەستێرەکەی یانەی ریال مەدرید تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بووە، ئەم پێکانە سەختەش رێگری لێدەکات کە لەگەڵ هەڵبژاردەی سامبا لە مۆندیالدا ئامادە بێت.
9 و 10 - ئەلێساندرۆ باستۆنی و نیکۆلۆ بارێلا - ئیتاڵیا
دووانە بەهێزەکەی یانەی ئینتەرمیلان، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا جارێکی دیکە لە گەیشتن بە مۆندیال پەکیکەوت، ناتوانن لە یارییەکانی مۆندیالی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەشداری بکەن.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ