رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هەندێک لە هاندەرانی ئیسپانیا لە یاریی هەڵبژاردەکەیان بەرامبەر میسر دروشمی رەگەزپەرستانەیان دژی موسڵمانان گوتەوە، لامین یامال زۆر تووڕە بووە و بیری لەوە کردووەتەوە یاریگە جێبهێڵێت"، هەروەها وەزیری وەرزشیی کەتەلۆنیاش هەڕەشەی جێهێشتنی یاریگای کردووە".
بێرنی ئەلڤارێز، وەزیری وەرزشیی کەتەلۆنیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ناڕەزایەتی تووندی خۆی بەرامبەر بەو دروشمە رەگەزپەرستانەی لە یاریگای ئاڕ سی دی ئی لە کاتی یاریی دۆستانەی نێوان ئیسپانیا و میسر بیستران دەربڕی و رەخنەی لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان گرت.
یارییەکە کە لە یاریگای یانەی ئیسپانیۆل لە هەرێمی کەتەلۆنیا بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی هەردوو هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیال بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
بەڵام ئەوەی کەشوهەوای یارییەکەی تێکدا، دروشمە دوژمنکارییەکان بوون بەرامبەر بە ئیسلام لەلایەن بەشێک لە هاندەرانی ئیسپانیاوە لەناو سووچی پەیژەکاندا؛ دیمەنێک کە وەزیری وەرزش خۆی لە شوێنی تایبەتی بەرپرسان VIP لە یاریگاکەدا بینیویەتی.
دروشمەکانی دژە ئیسلام
رۆژنامەی مارکا وردەکاریی رووداوەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "پێش دەستپێکردنی یارییەکەی ئیسپانیا و میسر، یاریگاکە پڕ ببوو لە رەنگ و جۆشوخرۆس، بەڵام دوای دە خولەک لە دەستپێکردنی گێمی یەکەم، گرووپێک لە هاندەران دەستیان کرد بە گوتنی دروشمێکی قێزەون، کە دواتر بە حەماسەتێکی زیاترەوە دەگوترایەوە و بەڕوونی دەیانگوت "هەرکەسێک هەڵنەپەڕێت موسڵمانە".
مارکا ئەوەی روویدا بە کارێکی 'شەرمەزارکەر' ناودەبات و دەڵێت "بەداخەوە ئەم دروشمە دوای چەند خولەکێک دووبارە بووەوە. جگە لەم دروشمە ناوزڕێنەرە، هەندێک لە هاندەران ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەستێرەی ریال مەدریدیان کردە ئامانج و هاواریان دەکرد "ڤینیسیۆس، تۆپی کەنار دەریا".
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "لە ناوەڕاستی یارییەکەدا، پەیامێک لەسەر شاشەی ئەنجامەکان نیشان درا کە تێیدا هاتبوو: 'وەبیرتان دەهێنینەوە کە یاساکانی پەیوەست بە رێگریکردن لە تووندوتیژی لە وەرزشدا، بەشداریی کارا لە کارە تووندوتیژییەکان، رقبوونەوە لە بێگانە، رقبوونەوە لە هاوڕەگەزخوازان یان رەگەزپەرستی قەدەخە دەکات و سزای دەدات'. هەروەها لەڕێگەی بڵندگۆکانی ناو یاریگاوە داوا لە ئامادەبووان کرا خۆیان لە گوتنەوەی دروشمی دوژمنکاری و بێڕێزی بەدوور بگرن".
رۆژنامە ئیسپانییەکە لە کۆتاییدا دەڵێت "دوای چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی گێمی دووەم، هەمان دۆخ دووبارە بووەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەشێکی زۆری هاندەران بە فیکەلێدان 'نیشاندانی ناڕەزایەتی' وەڵامی ئەو هاندەرە رەگەزپەرستانەیان دایەوە و هەمان ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە بڵندگۆکانەوە دووبارە کرایەوە.
لامین تووڕە بووە
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، لامین یامالی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، زۆر تووڕە بووە لە هاندەرانی ئیسپانیا بەهۆی ئەوەی کە هاندەران سووکایەتییان بە موسڵمانان کردووە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "تەنانەت لامین بیری لەوە کردووەتەوە لە یاریگا بچێتە دەرەوە"، هەروەها دەڵێن "لامین یامال ئامادە نەبوو لەدوای یارییەکە سڵاو لە هاندەرانی ئێسپانیا بکات، لەبەرئەوەی سووکایەتییان بە موسڵمانان کرد".
شۆکبوونی وەزیری کەتەلۆنیا
بێرنی ئەلڤارێز، وەزیری وەرزشیی کەتەلۆنیا، لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی کەتەلۆنیا و رادیۆی SER، کەشوهەوای ناو یاریگاکەی بە 'شۆکهێنەر' ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا کە بارودۆخەکە لە سەرەتاوە نامۆ بووە؛ کاتێک سروودی نیشتمانیی میسر بە فیکەلێدان و بێڕێزی پێشوازی لێکراوە، دواتر دۆخەکە پەرەی سەندووە بۆ دروشمی دوژمنکاری بەرامبەر بە ئیسلام.
وەزیرەکە روونیکردەوە "لەگەڵ پەرەسەندنی رووداوەکان، هەستم بە ناڕەزایەتییەکی تووند دەکرد، چونکە هیچ رێکارێک نەدەگیرایەبەر".
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، وەزیری وەرزش ئاشکرایکردووە کە لە نێوان هەردوو گێمەکەدا، لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و فیدراسیۆنی کەتەلۆنیا قسەی کردووە و داوای لێکردوون پڕۆتۆکۆڵەکان 'رێکارە یاسایییەکان' کارا بکەن.
وەزیرەکە گوتی "بەڕوونی پێمگوتن دەبێت رێکارەکان جێبەجێ بکرێن، ئەگەرنا یاریگاکە جێدەهێڵم".
بەپێی گوتەی ئەلڤارێز، لەو کاتەدا پێیان راگەیاندووە کە دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکان کراوە، بەڵام ئەو پێیوایە ئەمە درەنگ بووە و دەبوو هەر لە دوای یەکەم دروشمەوە کاردانەوە هەبووایە. جەختیشی کردەوە "ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بووایە، دەبوو یارییەکە رابگیرێت. پێویستە لە بەرامبەر ئەم جۆرە رەفتارانەدا تووند بین".
هەڵوێستی ناوبژیوان
ئەلڤارێز ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە کە ناوبژیوانی جۆرجی، جۆرجی کاباکۆڤلە دروشمەکان تێنەگەیشتبێت، و گوتی "ناوبژیوان و یاریزانەکان زۆر سەرنجیان لەسەر یارییەکە بوو، بەڵام دەبوو کەسێک ئاگاداریان بکاتەوە، بەتایبەت لەسەر ئاستی کارگێڕی، بۆ ئەوەی رێگری لە پەرەسەندنی دۆخەکە بکرێت".
وەزیر ئەم رووداوەی بە دۆخێکی زۆر ناخۆش وەسف کرد کە لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دراوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جیهانی وەرزشەوە نییە. هەروەها گوتی "بەداخەوە جیهانی تۆپی پێ بووەتە پەناگەیەک بۆ گرووپە راستڕەوە تووندڕەوەکان و ئامرازێک بۆ گوتاری رق و کینە، ئەمەش شتێکە کە دەبێت رایبگرین". ئاماژەی بەوەش دا کە لەم بوارەدا لەگەڵ فیدراسیۆنی ئیسپانیا و دەستەی لا لیگا کاردەکەن.
کاریگەری لەسەر مۆندیالی 2030
ئەلڤارێز پێیوایە ئەم رووداوانە پەیوەندییان بە یانەی ئیسپانیۆلەوە نییە وەک یانە، هەرچەندە گوتی لەوە تێدەگات ئەگەر فیدراسیۆنی فیفا سزایەک بەسەر ئەم رووداوانەدا بسەپێنێت، بەڵام جەختی کردەوە کە کار دەکات بۆ ئەوەی یانەکە تێوە نەگلێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەلڤارێز ئاماژەی بەوە دا کە نابێت ئەم رووداوە کاریگەری هەبێت لەسەر داواکاریی کەتەلۆنیا بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2030 لە هەردوو یاریگای سپۆتیفای کامپ نو و ئاڕ سی دی ئی "ئێمە کارەکان بەباشی ئەنجام دەدەین و دەتوانین ببینە نموونە لە رێکخستندا، بەڵام ئەم جۆرە دۆخانە یارمەتیمان نادەن و ناچارمان دەکەن روونکردنەوە بدەین".
لە کۆتاییدا گوتی "پێم وانییە کاریگەری نەرێنی هەبێت و دڵنیام کەتەلۆنیا دەبێتە خاوەنی دوو یاریگا لە مۆندیالدا، بەڵام دەبێت بە خێرایی بجوڵێین بۆ ئەوەی کاردانەوەی خۆمان نیشانی رێکخراوەکانی وەک فیفا بدەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ