ماوەی دوورکەوتنەوەی گۆڵکارەکەی پیشەسازی ئاشکرا بوو

04-03-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن نیعمەت عارف
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی پیشەسازی چەند گەڕێک بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان گۆرزێکی کۆشندەی بەرکەوت و گۆڵکاری یانەکە چوار تاوەکو شەش هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
نیعمەت عارف، گۆڵکاری یانەی پیشەسازی لە دوایین یاریی یانەکەیدا بەرامبەر یانەی ئاکرێ، گۆڵی بردنەوەی یارییەکەی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، هەم ئەوانی بەبردنەوە دڵخۆشکرد، هەمیشە بە پێکانەکەی دڵتەنگی کردن.
 
نیعمەت، لەبارەی ئەو پێکانەی لە یارییەکەدا تووشی بوو بە رووداوی گوت" دوای ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکانمان رەوانەی دەرەوەی وڵات کرد، پزیشکەکان پێیان راگەیاندم کە بەستەرەی ئەژنۆ و کرکڕاگەکەی هیچ زیانێکی پێنەگەیشتوو،  تەنیا کڵاوەی ئەژنۆ درزێکی بردووە."
 
لەبارەی ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان ئەو یاریزانەی پیشەسازی دەڵێت "پێویستیم بە چوار تاوەکو شەش هەفتە هەیە تاوەکو بتوانم بگەڕێمەوە نێو یاریگەکان."
 
گۆڵکاری پیشەسازی دڵتەنگی خۆی لەبارەی پێکانەکەی راگەیاند و گوتی" زۆر دڵتەنگم کە ناتوانم یارمەتی تیپەکەم بدەم لەو چەند یارییەی داهاتوودا، بەڵام یانەکەمان یەک خێزانە، دڵنیام کاریگەریی نەبوونی منیان لەسەر نابێت، هەوڵدەدەم ئەگەر بۆ دوایین گەڕەکانی خولەکەش بێت بتوانم بگەڕێمەوەی نێو لاکێشەی سەوز" 
 
مەولوود رەمەزان، راهێنەری یانەی پیشەسازی، دوای تووشبوونی نیعمەت عارف بە پێکان بە رووداوی گوت " ئێمە یەکێک لە گرنگترین یاریزانەکانی تیپەکەمان لەدەست داوە بەدڵنیاییەوە کاریگەری بەسەر تیپەکەمانەوە دەبێت، بەڵام هیوادارین لە یارییەکانی گەڕی کۆتایی بگەڕێتەوە ناو تیپەکە و جارێکی دیکە سوود لە تواناکانی وەربگرین".
 
نیعمەت عارف لەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا 7گۆڵی بۆ یانەی پیشەسازی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی کردووە.
 
 
  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە