باتمان پەترۆلسپۆر بردییەوە و لە بەدەستهێنانی نازناوێکی مێژوویی نزیکبووەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن باتمان پەترۆلسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی باتمان پەترۆڵسپۆری باکووری کوردستان، هەنگاوێکی گەورە لە بردنەوەی نازناوی خولی پلە دووی تورکیا نزیکبووەوە و سەرکەوتنی بەرامبەر رکابەرە سەرەکییەکەی بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 31ـی خولی پلە دووی تورکیا، یانەی باتمان پەترۆلسپۆر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 15 هەزار هاندەر میوانداریی یانەی موگلای خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەند کرد و سەرکەوتنێکی گرنگی لە خولەکەدا بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 20ـی یارییەکەدا، بوگرا چاگران بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی جوانی بۆ یانەکەی باکووری کوردستان تۆمارکرد و باتمان پەترۆلسپۆر پێشکەوت.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بە پێشکەوتنی خاوەن یاریگە تەواو بوو. لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا یانەی میوان هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی ئەنجامی یارییەکە راستبکاتەوە و بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکە، بەڵام هەوڵەکانی بێ سوود بوون.
 
سوورپۆشەکانی باتمان پارێزگارییان لە ئەنجامی یارییەکە کرد و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە باتمان پەترۆلسپۆر لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بووە خاوەنی 76 خاڵ و بە جیاوازیی 11 خاڵ لەگەڵ یانەی موگلا لە پلەی یەکەمە.
 
باتمان پەترۆلسپۆر لە 18 یاریی رابردووی خولی پلە دووی تورکیادا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە دواینجار لە 7-12-2025 دۆڕاوە و 118 رۆژە تامی دۆڕاندنی نەکردووە.

 
باتمان پەترۆلسپۆر 7 یارییە لەسەریەک دەیباتەوە، یانەکە بەبردنەوەی ئەم یارییە هەنگاوێکی زۆر گرنگ لە بردنەوەی نازناوی خولی پلە دووی تورکیا لە کۆمەڵەی یەکەمدا نزیکبووەوە و پێویستی بە تەنیا یەک خاڵی دیکە هەیە لە کۆی 6 یاری کە لە خولەکەدا ماون.
 
ساڵی 2022 یانەی باتمان پەترۆلسپۆری باکووری کوردستان دوای 26 ساڵ لە خولی پلە سێی تورکیادا بووە پاڵەوان و بۆ خولی پلە دووی ئەو وڵاتە سەرکەوت، دوای نزیکەی چوار ساڵ لە گەیشتن بە خولەکە، یانەکە نزیکە دەستکەوتێکی دیکەی مێژوویی بباتەوە و خۆی بگەیێنێتە خولی پلە یەکی تورکیا و ببێتە پاڵەوانی پلە دوو.

 
یانەی باتمان پەترۆلسپۆر تەمەنی 66 ساڵە، یاریگەکەی بەناوی باتمان شەهیرە و 15 هەزار هاندەر دەتوانن لەنێو یاریگەکەیدا سەیری یارییەکان بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە