بارسێلۆنا یاریی لووتکەی بردەوە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانه‌ی بارسێلۆنا لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا توانی یاریی لوتکەی گەڕی 30ـی لالیگا لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 2-1 سەرکەوتنێکی دراماتیکی لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە نێو 'میترۆپۆلیتانۆ' بەسەر یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریددا بەدەستهێنا.
 
یارییەکە تاوەکو ساتە کۆتاییەکان بەرەو یەکسانبوون دەڕۆیشت، بەڵام رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی لە خولەکی 87دا بووە فریادڕەسی کەتەلۆنییەکان و گۆڵی سێ خاڵی زێڕینی تۆمارکرد. ئەم سەرکەوتنە هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ بارسا لە پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوەکە، بەوپێیەی جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی رکابەری بۆ 7 خاڵ زیادکرد، لە کاتێکدا ئاتلێتیکۆ مەدرید بە 57 خاڵ لە پلەی چوارەمدا مایەوە.
 
لە سەرەتای یارییەکەوە ئەتلەتیکۆ مەدرید بە گوشاری بەردەوام دەستی پێکرد و لە خولەکی 39دا جۆلیانۆ سیمۆنی بە لێدانێکی سەری بەهێز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگا تۆمارکرد، بەڵام خۆشییەکانی هاندەرانی مەدرید زۆری نەخایاند، چونکە تەنیا 3 خولەک دواتر و لە خولەکی 42دا، مارکۆس راشفۆرد بە ئەسیستی دانی ئۆلمۆ ئەنجامەکەی بۆ بارسێلۆنا یەکسانکردەوە.
 
لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 87دا، ساتە دراماتیکییەکە روویدا، دوای ئەوەی جواو کانسیلۆ بە لێدانێکی بەهێز تۆپەکەی ئاڕاستەی گۆڵ کرد و گۆڵپارێز گەڕاندیەوە، تۆپەکە بەر سنگی لێڤاندۆڤسکی کەوت و چووە ناو تۆڕەوە، گۆڵێک کە دەکرێت بگوترێت 'بەخت' رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا.
 
ئەم بردنەوەیە ورەیەکی زۆری بە یاریزانانی هانزی فلیک بەخشی، بەتایبەت کە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو هەردوو یانە لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا جارێکی دیکە رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە