رووداو دیجیتاڵ
سزایەکی درێژخایەن چاوەڕێی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی دەکات دوای سووکایەتیکردن بە ناوبژیوان و ئافرەتان.
نەیمار جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی رەخنە بووەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوای لێدوانێکی مشتومڕاوی کە دوێنێ هەینی بڵاویکردەوە.
نەیمار دوای سەرکەوتنی یانەی سانتۆس بەسەر یانەی ریمۆ بەئەنجامی 2-0 لە خولی بەرازیلی، تووڕەیی خۆی دەربڕی بەرامبەر ناوبژیوان ساڤیۆ پێرێرا سامپایۆ، کە کارتێکی زەردی پێدا لە خولەکەکانی کۆتاییدا، ئەمەش بەو مانایەیە کە لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر فلامینگۆ رادەگیرێت و ناتوانێت بەشداری بکات.
نەیمار لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دوای یارییەکە گوتی "بەهەرحاڵ، ئەم ناوبژیوانە هەر ئاوایە.. پێموایە کە لەخەو هەستاوە لە سوڕی مانگانەدا بووە و بەو حاڵەتەوە هاتووە بۆ یارییەکە".
ئەم دەربڕینە بووە هۆی تووڕەییەکی گەورە، چونکە بە سووکایەتییەکی رەگەزی هەژمارکرا کە تێیدا خراپیی ئاست یان خراپی ئاوەسی دەبەستێتەوە بە 'سوڕی مانگانە'ـی ئافرەتانەوە، زۆر لە بەرازیلییەکان ئەم لێدوانەیان بە "سوکایەتیکردن بە ئافرەتان" ناوبرد.
لای خۆیەوە، رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە کە ئەستێرەی پێشووی پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا، بەهۆی ئەم لێدوانەوە هەڕەشەی سزادانی بۆ ماوەی 12 یاری راگرتنی لەسەرە.
لە سۆشیال میدیای بەرازیلەوە لێشاوێک رەخنە لەدژی نەیمار دەستیپێکردووە و هەندێکیان بۆیان نووسیوە "ئەگەر تۆ ئەفسانەی بەرازیلیش بیت مافی ئەوەت نییە بەو شێوەی سنوور ببەزێنی و سووکایەتی بە ئافرەت بکەی".
هەندێکی دیکەش داوادەکەن نەیمار بە تووندترین شێوە سزا بدرێت، چونکە پێیانوایە ئەو رەفتارە و قسانەی سووکایەتییەکی گەورەن بە دایکەکان.
بێگومان ەئەگر ئەو سزایە بەسەر نەیامردا سەپێنرا بەدڵنیاییەوە هیچ هیوایەک نامێنێت بۆ بەشداریکردنی لە مۆندیال، بۆیە یەکێک بۆی نووسیوە "بەدەستی خۆت گۆڕت بۆخۆی هەڵکەند".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ