رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر چیلی یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر پلەی دووەمی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور بکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 03:30 هەڵبژاردەی بەرازیل لە یاریگەی ماراکانا میوانداریی هەڵبژاردەی چیلی دەکات، لە رکابەرییەکانی گەڕی پێشکۆتایی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال.
هاوشێوەی یارییەکانی رابردوو، ئەمجارەش نەیمار داسیلڤا بۆ دوایین دوو یاریی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکاندا بانگهێشتنەکراوە و کارلۆ ئەنچێلۆتی رایگەیاندبوو بانگهێشتنەکردنی ئەو پەیوەندیی بە لایەنی هونەرییەوە هەیە.
بەرازیل لە پلەی سێیەمی ریزبەندی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوورە بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ، چیلی لە 16 یارییدا تەنیا دوو بردنەوەی هەیە و بە 10 خاڵ لە پلەی کۆتاییە.
دوای ئەم یارییە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بەرازیل دەبێتە میوانی بۆلیڤیا و پاڵاوتنەکانی مۆندیال کۆتاییدێن.
کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بۆمن ئەزموونێکی ناوازەبوو کاتێک بۆ یەکەمجار سەردانی یاریگەی ماراکانام کرد کە پێگەی تۆپی پێی جیهانە. ئەمە ئەزموونێکە لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە."
ئەنچێلۆتی لەبارەی یارییەکەوە گوتی "ئێمە لە قۆناخی کۆتاییداین و کاتی پێویستمان هەیە بۆ ئامادەسازیی لەپێناو ئامانجەکەمان و ئەوەش زۆر گرنگە. بیرۆکەی ئەوەم هەیە چۆن پێکهاتەیەکی یەکگرتوو ببەینە مۆندیال. دەبێ ئەو کاتەی ماومانە بیقۆزینەوە بۆ ئەوەی هەڵە نەکەین کاتێک ئەو 25 یاریزانە دەستنیشان دەکەین کە دێنە مۆندیال لەگەڵمان.
راهێنەری سیلیساو لەبارەی دوورکەوتنەوەی سامبا لە بردنەوەی مۆندیال بە رۆژنامەڤانانی گوت "دوای 24 ساڵ چاوەڕوانی، ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە هەڵبژاردەی بەرازیل نازناوی مۆندیال بباتەوە. بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان بۆ ئەو ئەرکە لەسەرشانە، دەبێ بەوپەڕی توانامانەوە کاربکەین، لە راستیدا، هەر وا دەکەین و بەلێبڕاویی و سوورییەکی زۆرەوە کار بۆ گەیشتنە مۆندیال دەکەین، دەمانەوێت لە باشترین دۆخدا بین کاتێک دەچینە مۆندیال."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ