رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکی نادیار و تەمومژاویدا، حکومەتی کۆنگۆی دیموکراتی، سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەستبەسەرکردووە، پاشئەوەی لە پاشکۆی پاڵاوتن، سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026 مسۆگەرکرد.
هەواڵی دەستبەسەرکردن و رێگرتن لە گەشتی یاریزانانی هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات، لەزاری مانولۆ گۆنزالێسی راهێنەری یانەی ئیسپانیۆلی ئیسپانی بڵاوبووەوە، پاشئەوەی رایگەیاند تیپەکەی لە تواناکانی شارل پیکێلی یاریزانی کۆنگۆی دیموکرات بێبەش دەبێت، بەهۆی رێگەگرتن لە هاتنە دەرەوەی لە وڵاتەکە.
مانولۆ سەرسوڕمانی خۆی لەو بڕیارەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆنگۆ دەربڕی، کە هاتنە دەرەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەکە و گەڕانەوەیان بۆ یانەکانیان رەتدەکاتەوە.
کۆنگۆی دیموکرات، لە دەستکەوتێکی مێژوویی گەورەدا لە دوای نیو سەدە، سەرکەوتنەوەی بۆ مۆندیال مسۆگەرکرد، پاشئەوەی لە پاشکۆی پاڵاوتن لە جامایکای بردەوە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر.
مانولۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ریال بێتیس ئاشکرایکرد، تیپەکەی رووبەڕووی دۆخێکی قورس بووەتەوە، بەهۆی یاریی نەکردنی پیکێل، پاشئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی رێگەی نەداوە بگەڕێتەوە بۆ یانەکەی.
راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێ، "ئاگادارکردنەوەی فەرمیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆنگۆمان پێگەیشت، کە دووپاتیدەکاتەوە بۆمان، رێگە بە یاریزانە نێودەوڵەتییەکانیان نادەن لە وڵاتەکە بچنە دەرەوە، ئەوەش بەهۆی رێوشوێنی نێوخۆیی. بڕیارەکە تەنیا پیکێل نییە و سەرجەم یاریزانە پیشەگەرەکانی هەڵبژاردەکە هەمان دۆخیان هەیە".
کۆنگۆی دیموکراتی دەیەمین هەڵبژاردەی ئەفریقایە دەگاتە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە و لە مۆندیال لە کۆمەڵەی یانزەیەم دەبێت، لەپاڵ هەریەکە لە کۆڵۆمبیا، پۆرتوگال و ئۆزبەکستان.
مانولۆ هەروەها دەڵێ، 'دۆخەکە ناسرووشتییە' بۆ یانەکەمان. ئاماژەی بەوەداوە کە یانەکەی لەگەل بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆنگۆ پەیوەندی دروستکردووە و فیفاشی ئاگادارکردووەتەوە، لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی.
راهێنەری ئیسپانیۆل دووپاتیکردووەتەوە کە یانەکەی هەموو رێوشوێنیکی بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە گرتووەتە بەر و چاوەڕێی لایەنەکانە وەڵامیان بدەنەوە، لەپێناو چارەسەرکردنی "دۆخە لەدەست دەرچووەکە".
یانەی ئیسپانیۆل لە دۆخێکی خراپدا و لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەنجامەکانی تیپەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و لە پلەی یانزەی ریزبەندی لالیگایە بە 37 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ