ئێمباپێ لە وەرزی ئەمساڵدا زیاتر لە 15 تیپی لالیگا، بەشداریی گۆڵی زیاترە

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید لالیگا کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی فەرەنسی، دوای تۆمارکردنی دوو گۆڵ لە یانەی ئاتلێتیک بیلباو و پێشەوایەتیکردنی یانەکەی بۆ بردنەوە لەو یانەیە بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر، زنجیرەیەک ژمارەی ناوازەی تۆمارکرد.
 
یارییەکە پێشخراوی گەڕی 19ی لالیگا بوو، کیلیان دوو گۆڵ و ئەسیستێکی هەبوو و گۆڵی سێیەمی یانەکەش، ئێدواردۆ کاماڤینگا تۆماریکرد.
 
تۆڕی داتای 'سکواکا' ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ بووە یەکەم یاریزان لە وەرزی ئەمساڵدا کۆی 25 گۆڵ لەگەڵ یانەکەی لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان تۆمار بکات.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە کیلیان یەکەم یاریزانە لە لالیگای ئەمساڵدا، لە سێ یارییدا گۆڵ بکات و ئەسیستی هەبێت، پاشئەوەی لە یارییەکانی تیپەکەی بەرامبەر یانەکانی ریال سۆسیداد، ڤیاڕیال و ئاتلێتیک بیلباو ئەو کارەی کرد.
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە هەروەها دووەم یاریزانە لە وەرزی ئەمساڵ و لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا، 15 گۆڵ و زیاتر تۆماربکات لەپاش ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری مانچێستەر سیتی.
 
لای خۆیەوە، تۆڕی 'ئۆپتا' ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ ئەمساڵ لە کۆی 15 تیپی لالیگا زیاتر بەشداریی گۆڵی هەیە، بە کۆی (16 گۆڵ و چوار ئەسیست).
 
ریال مەدرید بەبردنەوە لە ئاتلێتیک بیلباو، کۆی خاڵەکانی کردە 36 خاڵ و پلەی دووەمی ریزبەندی لالیگای بەجیاوازیی خاڵێک لە دوای بارسێلۆناوە بەدەستهێنایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە