راپۆرتی ناوبژیوانی دێربیی کەتەلۆنیا، ئیسپانیۆل شۆک دەکات

دوێنێ کاژێر 02:11
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ناوبژیوانی دێربیی کەتەلۆنیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی ناوبژیوانی یاریی دێربیی کەتەلۆنیا، کە بەبردنەوەی بارسێلۆنا بەئەنجامی 2-0 کۆتاییهات، یانەی ئیسپانیۆل ئەگەری هەیە رووبەڕووی سزادان ببێتەوە.
 
دێربیی کەتەلۆنیا لەنێوان ئیسپانیۆل و بارسێلۆنا، تەنیا یارییەکی ئاسایی نەبوو لە خشتەی لالیگادا، بەڵکو وەک هەمیشە جەنگێکی دەروونی و کەشێکی پڕ لە گرژی بوو کە لە خولەکەکانی سەرەتاوە رەنگی دایەوە. چاوەکان هەموویان لەسەر لاکێشە سەوزەکە و کاردانەوەی هاندەران بوون، بەتایبەت لەگەڵ گەڕانەوەی ناوێکی وەک بارسێلۆنا کە هەمیشە لە دێربیدا هەستیاریی زۆر دروست دەکات.
 
هەرچەندە یارییەکە لەناو یاریگەدا بەڕێکی بەڕێوەچوو و هیچ رووداوێکی مەترسیدار نەبووە هۆی راگرتنی، بەڵام خولەکەکانی کۆتایی پێشهاتێکی نوێیان هێنایە ئاراوە؛ پێشهاتێک کە وایکرد دامەزراوە فەرمییەکان بێنە سەر هێڵ.
 
لە خولەکی 90، رێک دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەم و یەکلاکەرەوەی بارسێلۆنا، نێو تونێلی یاریزانان و دەوروبەری بووە شوێنی کاردانەوەی هاندەران. ئەمەش وایکرد ناوبژیوانی یارییەکانی هەموو شتێک لە راپۆرتە فەرمییەکەیدا تۆمار بکات. 
 
بەپێی زانیارییەکان، لەو ساتەدا چەندین بوتڵی پلاستیکی لەو بەشەی یاریگە کە هاندەرانی ئیسپانیۆلی لێبووە، فڕێدراونەتە ناو یاریگە، هەرچەندە هیچ یاریزانێک یان ئەندامێکی ستافی تەکنیکی نەپێکراوە.
 
ناوبژیوان لە راپۆرتەکەیدا بەڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە 'تەنە فڕێدراوەکان' بەر کەس نەکەوتوون، هەروەها دەستبەجێ لەڕێگەی بڵندگۆکانی یاریگەوە هۆشداری دراوەتە هاندەران بۆ راگرتنی ئەو رەفتارانە، ئەوەبوو دوای هۆشدارییەکە دۆخەکە هێور بووەوە و یارییەکە تا فیکەی کۆتایی بە سەلامەتی بەردەوام بوو.
 
ئەم رووداوە ئێستا یانەی ئیسپانیۆل دەخاتە بەردەم مەترسیی سزاکانی 'لیژنەی تەمبێکاری'، بەتایبەت کە یانەکە پێشینەی لەم جۆرە رەفتارانەی هاندەرانی هەیە. بەپێی یاساکان، لیژنەکە دەسەڵاتی هەیە سزای دارایی تووند، یان داخستنی بەشێکی یاریگەکە بۆ چەند یارییەک بەسەر یانەکەدا بسەپێنێت، بەڵام پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن کە بەهۆی ئەوەی کەس زیانی پێنەگەیشتووە، تەنیا بە سزایەکی دارایی کۆتایی بێت.
 
هەرچەندە بارسێلۆنا بە سێ خاڵ و ئاهەنگگێڕانەوە یاریگەی جێهێشت، بەڵام ئێستا چاوەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی لیژنەی تەمبێکارییە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا و پاش وردبینیکردن لە راپۆرتی ناوبژیوان، هەڵوێستی فەرمیی خۆی رابگەیەنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە