سێ هەفتە بەر لە یاریی یەکلاکەرەوە، عێراق تووشی کێشەی گەورە دەبێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ هەفتە بۆ یاریی پاشکۆی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ماون، فیفا دەڵێت یارییەکەی عێراق لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و راهێنەری هەڵبژاردەکەش گیری خواردووە.
 
رۆژی 31ـی ئەم مانگە، لە دوایین پاشکۆی گەیشتن بە رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026، بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر یەکێک لە هەڵبژاردەکانی بۆلیڤیا یان سۆرینام یاریی بکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال.
 
بەر لە یارییەکە بە سێ هەفتە، گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، داخستنی ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، لە دووبەی گیری خواردووە و ناتوانێت بگەڕێتەوە عێراق بۆ ئەوەی کار بۆ ئامادەکردنی تیپەکەی بکات بۆ ئەم یارییە گرنگە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندووە، راهێنەرە ئوسرالییەکە لە ئیمارات گیری خواردووە و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت ناتوانێت لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکە گەشت بکات.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانیش پرسەکەی دووپاتکردووەتە و دەڵێت "گراهام ئارنۆڵد، ناتوانێت لە دووبەی بچێتە دەرەوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە فیفا رایگەیاندووە، یارییەکەی عێراق لە کات و شوێنی دیاریکراوی خۆی لە مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
 
جگە لەوەش ئەگەری هەیە، بەشێکی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە لە وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکادا رووبەڕووی کێشە ببنەوە، کە ئەگەر ئەوە رووبدات، چاوەڕواندەکرێت هەڵبژاردەکە رووبەڕووی کێشەی گەورە ببێتەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ فیفا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی رێگە چارەیەکی بەپەلە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەکە بەبێ کێشە رووبکاتە مەکسیک بۆ ئەو یارییە.
 
عێراق تەنیا یەکجار لە 1986 بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، هەلێکی گەورەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا بگاتە مۆندیال، بۆیە نایەوێت ئەو هەلەی بە ئاسانی لەدەستبدات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە