رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ یۆهانسنی گۆڵپارێز، چیرۆکی هەڵاتنی خۆی لە ئێرانەوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە گێڕاوەتەوە و ئاشکرایکردووە ئەو یەکێک بووە لەوانەی هەرزوو، وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
شەممەی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستپێکردنی هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران راگەیاند، پاشئەوەی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ رێکەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی و پڕۆگرامی مووشەکیی ئەو وڵاتە، بەبێئەنجام کۆتایی هات.
یۆهانسن کە گۆڵپارێزی یانەی تراکتۆر بووە لە شاری تەبرێز، قسەی بۆ رۆژنامەی 'بیڵد'ی ئەڵمانی کردووە و دەڵێ، "زۆر زوو روون بووەوە کە باشترین بڕیار ئەوەیە بەزووترین کات، ئێران بەجێبهێڵین".
ئەو کە پێشتر لە یانەکانی هامبۆرگ، بۆخوم و هانزا رۆستۆک لە ئەڵمانیا یاریی کردووە، دەڵێ، یانەی تراکتۆر خۆی بۆ ئەنجامدانی یارییەک لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەرامبەر ئەهلیی دووبەی ئامادە دەکرد، کاتێک جەنگەکە بەرپا بوو.
ئەو زیاتر دەڵێ، "بەرەبەیانی رۆژی شەممە، لەگەڵ یاریزانە پیشەگەرەکانی دیکەی یانەکە لەسەر نانی بەیانیی بووین. لەناکاو یەکێک گوتی هێرشکراوەتە سەر تاران.. لەدوای ئەوەوە ئیدی بەجێهێشتنی ئێران بووە دروستترین بڕیار".
یۆهانسن روونیکردووەتەوە کە دواتر بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک سەنتەری مەشقەکانی یانەی تراکتۆر هێرشی گەورەی کراوەتە سەر.
ئەو دەڵێ، "لە هوتێلی نێو سەنتەری مەشقەکانی یانەکە بووین، کاتێک لەناکاو دەنگێکی گەورە هات، باڵەخانەکە هەمووی لەرییەوە، بەپەلە لە شوێنەکانی خۆمان جووڵاین و هەریەکە بەلایەکدا رایکرد بۆئەوەی خۆی بشارێتەوە، کەس نەیدەزانی بەرەو کوێ بڕوات".
وەک ئەو دەڵێ، دوای ئەو رووداوە، یانەکە بەخێرایی ئۆتۆمبێلێکی بۆ یاریزانە بیانییەکانی یانەکە ئامادەکردووە، کە ژمارەیان حەوت یاریزان بووە، بۆ ئەوەی بڕۆنە دەرەوەی ئێران.
روونیکردووەتەوە، لەماوەی چەند خولەکێکدا ئۆتۆمبێل هاتە بەردەمی هوتێلەکە و دەبوو حەوت یاریزانی بیانیی تیپەکە کە چوار ئۆکراینی، کرواتییەک، ئەلبانییەک، سڕبییەک و یۆهانسن بوون، بەرەو سنووری نێوان ئێران و تورکیا ببات.
گۆڵپارێزە سوێدییەکە هەروەها دەڵێ، "گەشتەکە پێنج کاژێری خایاند، لەو ماوەیەدا و کاتێک لە رێگابووین، بینیمان چۆن ئێرانییەکان مووشەکەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان و دەستپێکردنی هێرش ئامادە دەکەن".
یۆهانسن روونیکردووەتەوە کە ئەو پاش گەیشتن بەتورکیا، گەڕاوەتەوە بۆ شاری گۆتنبێرگی سوێدی و گەیشتووەتەوە لای هاوژین و منداڵەکەی.
ئەو دەڵێ، "من ئێستا پارێزراوم، بەڵام دڵم لای ئێرانییەکانە، من پەیوەندیم لەگەڵ زۆر کەسی ئەوێ هەبوو، هیوادارم زوو جەنگەکە کۆتایی بێت".
یۆهانسن یەکێکە لەو یاریزانانەی لە دوای هەڵایسانی شەڕەوە بەپەلە ئێرانیان بەجێهێشتووە و وردە وردە، چیرۆکەکانی هەڵاتنی خۆیان لە ئێران بۆ میدیاکان دەگێڕنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ