رووداو دیجیتاڵ
کارلۆس سانزی یاریزانی فوتساڵ، کە دوو مانگ لەمەوپێش بە زەحمەت لە ڤێنزوێلا هاتە دەرەوە، پاشئەوەی ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە، ئەمجارەیان لە ئێران خۆی بینییەوە، بەڵام لە ژێر هێرشی تووندی ئەمریکادا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
سانز ڤێنزوێلییە، بەر لە دوو مانگ لە وڵاتەکەی هەڵات، پاشئەوەی ئەمریکا لە پڕۆسەیەکی سەربازیی خێرا و برووسکەئاسادا بەناوی 'ویستی رەها' هێرشێکی کتوپڕی ئەنجامدا و نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی وڵاتەکەی بەبارمتە گرت و بەرەو ئەمریکای برد.
سانز لە چەند رۆژی رابردوودا، لەناکاو خۆی لەسەر سنوورەکانی ئێران دۆزییەوە بەجانتایەکی بچووکەوە بەپێ دەڕوات، ئەو بەسەر سەریەوە دەنگی فڕۆکە و مووشەک دەهات، لەسەر زەوی، ترسێکی کوشندە راویدەنا، بۆیە لەبەرخۆیەوە زوو زوو دەیگوتەوە، "شێتخانەیە.. شێتخانەیە".
سانز دۆخێکی دەگمەنی هەیە، ئەو ماوەیەکی کەم بەر لە خۆبینینەوە لەسەر سنوورەکانی ئێران، دەیبینی هێزێکی ئەمریکی، مادورۆی سەرۆکی وڵاتەکەی ئەو پەلکێش دەکەن و دەیبەن.
ئەو یاریزانە 29 ساڵانە، دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر کاراکاسی پایتەختی وڵاتەکەی، ماڵەکەی خۆی بەجێهێشت.
کارلۆس سانز، لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤێنزوێلا، خۆی گەیاندەوە ئێران، بۆ ئەوەی دەست بەمەشقەکان بکات لەگەڵ تیمی میس سۆنگۆن، کە ساڵی 2025 گرێبەستی لەگەڵیان کردبوو.
میس سۆنگۆن، یانەیەکی فوتساڵی ئێرانییە، سانز دەیویست لەگەڵ ئەوان رێگەی درەوشانەوە بدۆزێتەوە، بەڵام خۆی بینییەوە لە ژێر سایەی جەنگێکی نوێدا کە کۆی وڵاتەکە دەگرێتەوە و بەدەنگی بەرز، هەڕەشە لە ژیانی هەمووان دەکات.
ئەو دواجار پاش نزیکەی 36 کاژێر لە هەڵایسانی شەڕەکە، بەپیادەڕۆیی خۆی گەیاندە سەر سنووری نێوان ئێران و تورکیا.
رۆژنامەی 'تێلێگراف'ی بەریتانی دەلی، سانز تاوەکو ئێستا بەشوێن نزیکترین و بەردەستترین رێگەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە فڕۆکەخانەیەکی تورکیا، تاوەکو تیکتێکی ئیستەنبووڵ بەدەست بهێنێت و لەوێوە گەشتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ کاراکاس دەستپێبکات. لە کاتێکدا ئەو دەیەوێت بگاتەوە لای خێزانەکەی کە لەدوای بەرپابوونی جەنگەوە، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵیان نییە.
ئەگەر بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، گەیشتن بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەستەم بووبێت، لە ئێران دۆخەکە خراپتربوو، چونکە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە ئینتەرنێتیان لەسەر 99 لەسەدی خەڵک بڕی. ئەو ژمارەی تورکیای نەبوو، هیچ کارتێکی بانکیشی پێنەبوو بۆ ئەوەی هوتێلی پێ بگرێت یان گەشتی فڕۆکە، چونکە سزا داراییە تووندەکانی سەر ڤێنزوێلا، سانز و ملیۆنانی دیکەی لە هەموو خزمەتگوزارییەکی بانکیی بێبەشکردووە.
ئەو دەبوو بپرسێت، نرخی تاکسی چەندە؟ یان کام پاسە بەرەو ئیستەنبووڵ دەڕوات؟ کێشە گەورەکە بۆ ئەو، زمانی قسەکردن بوو، ئەو بەشڵەژاوییەوە لە شۆفێرە تورکەکانی دەپرسی، بەڵام کەس نەیدەزانی باسی چیدەکات؟ هەر بۆیە بەسەرسوڕمانەوە لێیان دەڕوانی.
ئەو یاریزانە بێبەختە، دەبوو لە مانگی شەشی 2025 دەست بەکاروانەکەی لەگەڵ یانە ئێرانییەکە بکات، بەڵام پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە دواکەوت، پاشئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەمان مانگدا، هێرشیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکرد و ناوچەکە شڵەقا.
ئەو رووداوە درێژەی کێشا، چونکە جەنگی دوانزە رۆژەی ئەمریکا - ئیسرائیل بەرامبەر ئێرانی لێکەوتەوە و ئەوەش وایکرد، گەیشتنی سانز بە ئێران تاوەکو مانگی هەشتی 2025 دوا بکەوێت، ئەوکات ئیدی تیپەکەی رایگەیاند، "چاوەڕێی گەیشتنی یەکێک لە باشترین یاریزانانی فوتساڵ لە جیهان دەکەن".
سانز لە کاتی بوونیدا لە ئێران، دیار و بەرچاو بوو، چونکە ئەو تاکە پیشەگەری خولی فوتساڵی وڵاتەکە بوو. هاوتیمەکانی لەو تێنەدەگەیشتن، چونکە بەئیسپانی دەدوا، بەڵام زمانی هاوبەشی نێوانیان، زمانی تۆپی پێ بوو.
ئەزموونەکە لە ئاست خەونەکانی ئەو یاریزانەدا نەبوو کە پێشتر لە ئەورووپا و ئۆزباکستان یارییکردووە.
لە مانگی یەکدا، ئەو بۆ ماوەی سێ هەفتە گەڕایەوە لای خێزانەکەی، لەوێ کەوتە نێو دۆخێکی قورسەوە، چونکە لەو کاتەدا ئەمریکییەکان هەڵیانکوتایە سەر ڤێنزوێلا و ئیدی ئەو کاتێک ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە ئێران، کەوتە دۆخێکی باوەڕپێنەکراوەوە.
مانەوەی سانز لە ئێران زۆری نەخایاند، کاتێک هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد لە ژێر ناوی 'تووڕەیی داستان ئاسا' و ئیدی لە رۆژی یەکەمی هێرشەکەدا، ژمارەیەک بەرپرسی گەورەی ئێران کوژران، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، رێبەر.
هێرشەکان بەچڕی بۆ سەر تەبرێز دەستیانپێکردووە، ئەو شارەی تیمەکەی سانزی لێیە و وەک پێگەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت.
لەگەڵ بەرەوسەرچوونی زیاتری جەنگەکەدا، سانز درکی بەوەکرد کە هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە تەنیا هەڵاتن لە وڵاتەکە نەبێت، هەر بۆیە ئەو زوو دەستی بەپلاندانان بۆ کارەکە کرد. ئەو هەموو کەلوپەلەکانی فڕێدایە نێو جانتایەکی بچووک و بەرەو سنووری ئێران - تورکیا بەڕێکەوت، کە نزیکەی 240 کیلۆمەتر لە تەنرێزەوە دوورە.
ئەو شارەکەی بەجێهێشت و لە رێگا، خۆی لە نێو ژمارەیەک بیانیی دیکەدا بینییەوە کە بەهەمان شێوە ئێرانیان بەرەو تورکیا بەجێدەهێشت.
ئەو نزیکەی رۆژێکی ویست تاوەکو گەیشتە سەر سنوور و تاوەکو پەڕییەوە شەوی بەسەرداهات و وەک دەگێڕێتەوە، سەرمایەکی تووند هەڵیکرد، بەڵام کاتێک پەڕییەوە، شۆفێرە تورکەکان هەڵگرتنی ئەویان رەتکردەوە، گوتیان ئۆتۆمبێلەکان جیگەیان نەماوە.
پاش زنجیرەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ و کەسوکارەکەی لە کاراکاس، ئەوان هەوڵی بڕینی بلیتێکی فڕۆکەی لە تورکیاوە بۆ کاراکاس بۆ دەدەن.
سانز بە رۆژنامە بەریتانییەکەی گوتووە، هەرگیز بیر لە گەڕانەوە بۆ ئێران ناکاتەوە، دەیەوێت ماوەیەک ئارام ببێتەوە، بەرلەوەی بڕیاری هەنگاوی دواتر بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ