ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بووەتە 'پرسە' و یاریزانەکان ئەربێلوا بە 'بێئەزموون' ناودەبەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن ریال مەدرید ئەلڤارۆ ئەربێلوا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەواڵەکانی ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، دۆخی ژوورەکە لە دوای شکست بەرامبەر خیتافی بە 'پرسە' ناودەبەن و یاریزانانی یانەکەش بە ئەربێلوایان گوتووە، "بێکاریگەرییە و ئەزموونی نییە".
 
شکستی ریال مەدرید بەرامبەر خیتافی، رۆژی دووشەممە، پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی رۆدریگۆ و کارتی سووری ماستانتونۆ، بوونەتە هۆکاری تەقینەوەی ناکۆکییەکانی ‌نێو ژووری جلگۆڕینی یانەکە.
 
ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی خیتافی کرد و یارییەکەی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاند، ئەو شکستە بووە هۆی فراوانبوونی جیاوازیی خاڵەکانی یانەکە لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ بۆ چوار خاڵ.
 
تۆڕی 'کادینا سێر'ی ئیسپانی، دۆخی ژووری جلگۆڕینی یانەکەی بە 'پرسە' ناوبردووە.
 
 
تۆڕەکە، لەزاری سەرچاوەی نزیک لە یاریزانانی یانەکەی گواستووەتەوە، دۆخی ژووری جلگۆڕینی یانەکە دوای شکستەکەی خیتافی 'پرسە'ئاسایە، بێئومێدی و هەستکردن بەبێتوانایی، لەگەڵ بێئومێدبوون لە نازناوی ئەمساڵی لالیگا، باڵی بەسەر هەموواندا کێشاوە.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، یاریزانانی یانەکە رەخنەی تووندیان لە ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری یانەکە گرتووە، بە "راهێنەرێکی سەرەتایی و بێئەزموون" ناویان بردووە.
 
یاریزانەکان دووپاتیانکردووەتەوە قسەکانی ئەو لە ژووری جلگۆڕین، "هیچ هەست و جۆشوخرۆشێک لای ئەوان دروست ناکات". تەنانەت ئەو یاریزانانە هیچ متمانەیەکیان بەشێوازی مەشقدانی ئەو راهێنەرە و تەنانەت گۆڕانکارییەکانی لە نێو یاریگە و پێکهاتەکانی نییە.
 
کادینا سێر زیاتر ئاشکرایکردووە، ئەربێلوا بەبێئومێدی بەیاریزانەکانی گوتووە، "هیچ نازناوێکمان لەبەردەستدا نەماوە رکابەریی لەسەر بکەین، تەنیا چامپیۆنزلیگ نەبێت".
 
ئەو تۆڕە زیاتر دەڵێ، کێشەکانی چەند رۆژی رابردووی یانەکە و ژووری جلگۆڕین، وایکردووە کارگێڕیی یانەکە بیر لە گۆڕانکاریی خێرا و پلاندانان بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێ بۆ تیپەکە، خێراتر بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە