رووداو دیجیتاڵ
یانەی پاریس سانجێرمان، بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک، گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی لە جەنگێکی دراماتیکیدا و لە نێو یاریگەی 'ئالیانز ئارینا'، توانی بلیتەکەی لە بایرن میونشنی ئەڵمانی وەربگرێت.
یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی، بە بەرامبەربوونی هەردوو تیپ بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان کۆتایی هات، بەڵام کوڕانی لویس ئێنریکی بە سوودوەرگرتن لە سەرکەوتنە گەورەکەی یاریی چوون (5-4)، بە کۆی ئەنجامی هەردوو یاری 6-5 سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و بایرنیان لە خەونی نازناوەکە بێبەش کرد.
پاریسییەکان یارییەکەیان بە گەرموگوڕی دەستپێکرد؛ تەنیا چەند خولەکێکی کەم بەسەر فیکەی دەستپێکدا تێپەڕیبوو، عوسمان دێمبێلێ لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەی خێرادا کە خڤێچا کڤاراتسخێلیا دروستی کردبوو، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ میوانەکان تۆمارکرد و بێدەنگیی بەسەر ئالیانز ئارینادا سەپاند.
بایرن میونشن بە هەموو قورسایی خۆیەوە گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکە و کۆنترۆڵی تۆپی کرد، جەمال مۆسیالا و میشێل ئۆلیس چەندین هەلی مەترسیداریان بۆ سەر گۆڵی پاریس دروستکرد، بەڵام بەرگرییە پۆڵایینەکەی پاریس بە سەرکردایەتی مارکینیۆس و پلان توندوتۆڵەکەی ئینریکێ، رێگەیان نەدا بایرن بگەڕێتەوە. مانوێل نۆیەریش لە لای خۆیەوە رێگر بوو لەوەی پاریس لە رێگەی هێرشی پێچەوانەوە جیاوازییەکە زیاتر بکات.
لە ساتە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، هاری کەین گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ بایرن تۆمارکرد و هیوایەکی بۆ هاندەرانی باڤاری گەڕاندەوە، بەڵام کاتەکە زۆر درەنگ بوو و پاریس توانی تاوەکو کۆتایی ئەنجامەکە بپارێزێت.
یارییەکە بێ مشتومڕی ناوبژیوانی تێنەپەڕی؛ یاریزانان و ستافی بایرن میونشن بە تووندی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان دەربڕی، بەتایبەت لە داواکردنی لێدانی سزا بەهۆی دەست لێدانی تۆپ و وەرگرتنی کارتی سوور بۆ بەرگریکارانی پاریس، کە هەموویان لەلایەن ناوبژیوانەوە رەتکرانەوە.
بەم ئەنجامە، پاریس سانجێرمان بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک دەگاتە یاریی کۆتایی و لەوێدا رووبەڕووی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەبێتەوە.
بڕیارە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە رێکەوتی 30/5/2026، کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان ئەنجام بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ