تیپەکەی قەڵا و منارە بۆ سەرکەوتنێکی دیکە ئامادەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی و بەردەوامبوون لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر بەرامبەر یانەی کارەبا یاریی دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولەکەدا، یانەی هەولێر ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:30 لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی کارەبا یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
 
هەولێر رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، دوای مەشقەکانیش یانەکە رایگەیاند، یاریزانانی تیپەکە لە بەرامبەر ئەنجامە باشەکانیان پاداشتکراون، بۆ ئەوەی ورەی یاریزانەکان بۆ یارییەکە بەرزتر ببێتەوە و لە هەموو روویەکەوە ئامادەبن.
 
تیپەکەی قەڵا و منارە، 14 یارییە نەدۆڕاوە، 2 یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە، ئەمڕۆ پێویستیی بە هاندەرانییە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە بکات.
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یاریی بەرامبەر کارەبا زەحمەت دەبێت، بەڵام ئێمە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین شوێنی خۆمان لە پلەی سێیەم بەهێزتر بکەین. کارەبا لە باشترین رۆژەکانیدایە، بەتایبەت دوای ئەوەی سێ خاڵی بەرامبەر نەجەف بەدەستهێنا".
 
راهێنەری هەولێر دەڵێت "ئامانجی ئێمە بردنەوەی خاڵەکانی یارییەکە و دڵخۆشکردنی هاندەرانمانە، بەتایبەت کە ئێمە لە دۆخێکی باشداین و لە باشترین رۆژەکانمانداین".
 
هەولێر ئێستا لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بە 66 خاڵ و چوار خاڵ لە شورتەی دووەمەوە دوورە، کارەبا لە پلەی حەڤدەیەمە و رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە