نوێترین پێشهات.. ئایا ئێمباپێ بەشداری لە یاریی کلاسیکۆدا دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ کلاسیکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکشەممەی داهاتوو، یانەی بارسێلۆنا لەسەر یاریگای کامپ نو میوانداری رکابەرە مێژووییەکەی، ریال مەدرید دەکات، لە لووتکەی گەڕی 35ـی خولی ئیسپانیا؛ ئەمە ئەو یارییەیە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی تیپەکەی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی بەفەرمی نازناوەکە بباتەوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەلایەنی کەمەوە خاڵێکی یەکسانبوون بەدەستبهێنن.
 
گومانێکی زۆر هەیە سەبارەت بە بەشدارییکردنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی لە یارییەکەدا، چونکە هێشتا لە پێکانێکی ماسوولکەیی لە رانی چەپیدا چاک نەبووەتەوە کە لە دوای رووبەڕووبوونەوەی ریال بێتیسەوە تووشی بووە، ئەمەش بووە هۆی دوورکەوتنەوەی لە دوا یاریی تیپەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل.
 
ستافی پزیشکی ریال مەدرید نزیکەی دوو هەفتەیە کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی گۆڵکاری تیپەکە و پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئیسپانیا، بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر بارسێلۆنا.
 
بەگوێرەی کەناڵی RMC، بەشدارییکردنی ئێمباپێ لە یارییەکەدا هێشتا مسۆگەر نییە، سەرەڕای گەڕانەوەی بۆ مەشق و راهێنانەکان، بەڵام پێشبینی دەکرێت ناوی لە لیستی ئەو یاریزانانەدا بێت کە گەشتی بارسێلۆنا دەکەن.
 
ئەم ئەستێرە فەرەنسییە لە ناو ریال مەدریددا بە قۆناخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە داواکارییەکیان بۆ داواکردنی رۆیشتنی واژۆکرد، ئەمەش بەهۆی کێشەی سەفەرکردنی بۆ ئیتاڵیا و دەرکەوتنی لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی،  ئیستەر ئێسپۆزیتۆی ئەکتەری ئیسپانی.
 
سەرەڕای کەمبوونەوەی چانسەکانی ریال مەدرید بۆ کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی خولی ئیسپانیا، بەهۆی جیاوازی 11 خاڵ لە دوای بارسێلۆناوە، بەڵام ئێمباپێ هەوڵ دەدات بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک پارێزگاری لە پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگا بکات، کە ئێستا بە 24 گۆڵ لە پلەی یەکەمدایە و بەجیاوازی 3 گۆڵ لەپێش ڤیدات مۆریگی هێرشبەری ریال مایۆرکایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە