ئینزاگی: ئێمە لەسەرووی هەموو پێشبینییەکانەوە بووین

05-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی هیلالی ستایشی ئاستبەرزی یاریزانەکانی دەکات، سەرەڕای ئەوەی بەرامبەر یانەی فلومینێنسی دۆڕان و ماڵئاواییان لە مۆندیالی یانەکان کرد.
 
ئینزاگی دوای دۆڕانیان لە مۆندیالدا و کرانە دەرەوەیان بەرامبەر فلومینێنسی، لەبارەی قسەکردنی لەگەڵ یاریزانەکانی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "بەڵێ بێگومان، پیرۆزباییم لە هەموو یاریزانەکان کرد. ئەوان بەڕاستی بە دڵ و گیانەوە لەناو یاریگادا یارییان کرد. لە ماوەی 16 رۆژدا پێنج یارییان کرد و هەموو توانای خۆیان خستەگەڕ."
 
راهێنەری یانەی هیلال زیاتر دەڵێت "هەمان شت بۆ ئەوەش راست بوو کە ئەمشەو کردمان. ئێمە بە تایبەتی لە گێمی دووەمدا زۆر باش بووین. هەروەها پێموایە ئەمشەو شایەنی ئەنجامێکی باشتر بووین، بەڵام هەندێک رووداو هەبوون کە لە یارییەکەی ئەمشەودا کاریگەریی نەرێنییان لەسەرمان دانا، بەڵام بەڕاستی ناتوانم بۆ هیچ شتێک لۆمەیان بکەم."
 
سیمۆنی لە ستایشکردنی یاریزانەکانی بەردەوامبوو و گوتی "ئێمە لە سەرووی هەموو پێشبینییەکانەوە بووین و بە هێز و توانای خۆمان ئەمەمان بەدەستهێنا."
 
لەبارەی کاریگەریی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا لەسەر جواو کانسێلۆ و رۆبن نێڤێس، راهێنەری یانەی هیلال هاوخەمیی خۆی بۆ ئەو یاریزانانە دووپاتکردەوە و گوتی "پێویستە سوپاسی روبن نێڤێس و جواو کانسیلۆ بکەین. هەموومان بەو کارەساتەی روویدا زۆر خەمبار بووین. ئەوان خەڵکی پورتوگالن و پورتوگالین، بۆیە بەڕاستی زۆر دڵتەنگ بوون، بەڵام کۆڵیان نەدا. بە باشترین شێوە یارییەکەی خۆیان کرد. بەڵام دواتر بێگومان، زۆر خەمبار بوون بەهۆی ئەو دوو هاوڕێیەیانەوە کە کۆچی دواییان کرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە