کۆلیبالی تەقاندییەوە.. ناوبژیوان بێرێزی پێکردین

05-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خالیدۆ کۆلیبالی مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خالیدۆ کۆلیبالی، بەرگریکاری یانەی هیلال هێرشدەکاتە سەر دانیێلی ماکیلی، ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی فلومینێنسی و دەڵێت "ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکرد."
 
دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر فلومینێنسی بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ و کرانە دەرەوەیان لە مۆندیالی یانەکاند، خالیدۆ کۆلیبالی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "پێم وایە یارییەکی باشمان کرد، ویستمان هەوڵی بردنەوە بدەین. رەنگە شایەنی زیاتر بووبین. بەڵام لە کۆتایی یارییەکەدا هەندێک رووداو هەبوون. پێموایە هەموو کەسێک لە جیهاندا ئەوەی بینی."
 
بەرگریکارەکەی یانەی هیلال رەخنە لە ئاستی ناوبژیوانی یارییەکە دەگرێت و دەڵێت "نازانم بۆچی ناوبژیوان نەچوو سەیری ڤار بکاتەوە، کە بەلای منەوە دوو جار پێویست بوو. من لەوە تێناگەم. هەندێک جار دەمانەوێت هەموو شتێک قبووڵ بکەین، بەڵام کاتێک بەم شێوەیە دەدۆڕێیت، پێموایە جێگەی شەرمەزارییە."
 
کۆلیبالی لە هێرشکردنە سەر ناوبژیوانی یارییەکە بەردەوامبوو و گوتی "ئێمە لە ماوەی یارییەکەدا هەموو شتێکمان کرد، ئەمە دەرفەتی ژیانمان بوو. بەڵام بە بڕوای من، ناوبژیوان ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکرد. تەنانەت لە پشووی نێوان دوو گێمەکەشدا بێڕێز بوو، چونکە هاتە لامان و زۆر بە خراپی قسەی کرد."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا بەرگریکارە سەنیگالییەکە گوتی "من لەم هەڵسوکەوتە شەڕانگێزییە بەرامبەر یانەی هیلال تێناگەم. بەڵام من زۆر شانازی بە تیمەکەمەوە دەکەم چونکە یارییەکی زۆر باشمان کرد. ئێمە لەم مۆندیالەدا چەندین شتی زۆر باشمان نیشان دا. هەموومان خەمباربووین کە کراینە دەرەوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە کارکردن."
 
هیلال لە قۆناخی هەشتی مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر فلومینێنسی دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە