رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە سوپەرلیگ نزیکبووەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و میوانەکەی گۆڵبارانکرد.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر بە ئامادەبوونی زیاتر لە 34 هەزار هاندەر لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی بۆلوسپۆر یارییکرد و یارییەکەی بە ئەنجامێکی گەورە بە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و درێژەی بە سەرکەوتنەکانیدا.
دوای شەش خولەک یارییکردن، محەممەد یەشل گۆڵی پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و ئامەدسپۆر پێشکەوت.
لە خولەکی 31 دیان لیچۆ، یاریزانی یانەی بۆلوسپۆر بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەوە هەلێکی زۆر گەورەی دایە ئامەدسپۆر و پاشان کەرنەڤاڵێکی گەورەی گۆڵ تۆمارکردن دەستیپێکرد.
لە خولەکی 38 ئێمبای دیانێ، ئامەدسپۆری کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
خولەکی 41 جەلال هاناڵپ بۆ جاری سێیەم تۆڕی گۆڵی یانەی میوانی هەژاند، ئامەدسپۆر نیوەی یەکەمی یارییەکە بە ئارامییەکی زۆرەوە تەواو کرد.
لە خولەکی 56 دیانێ گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی ئامەدسپۆری تۆمارکرد، گۆڵکارە سەنیگالییەکە شایی کوردیی لە یاریگەدا ئەنجامدا و ئەوە هاندەرانی ئامەدسپۆری زیاتر دڵخۆشکرد.
دانیێل مۆرێنۆ لە خولەکی 67 ئامەدسپۆری زیاتر لە بردنەوە نزیککردەوە و گۆڵی پێنجەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
پاشان لە خولەکی 71 دیا سابا، بەلێدانی سەر بۆ جاری شەشەم تۆڕی گۆڵی بۆلوی هەژاند و کەرنەڤاڵی گۆڵکردنی ئامەدسپۆر کۆتاییهات.
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، ئاردا یوسلوگۆلۆ گۆڵێکی بۆ بۆلوسپۆر تۆمارکرد، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو.
ئامەدسپۆر یارییەکەی بە شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، ژمارەی خاڵەکانی بۆ 70 خاڵ بەرزکردەوە و لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە.
پێنج یارییە لەسەریەک ئامەدسپۆر دەیباتەوە، لەو پێنج یارییەدا یانەکە 16 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا 1 گۆڵی لێکراوە.
ئامەدسپۆر لە 12 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، رۆژی پێنجشەممە لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر ئێرۆکسپۆر یاریی دەکات، هەردوو یانە رکابەری سەرەکین بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگ، بەبردنەوەی ئەو یارییە ئامەدسپۆر هەنگاوێکی زۆر گەورە لە گەیشتن بە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو نزیکدەبێتەوە، لەکاتێکدا ئێستا بە جیاوازیی چوار خاڵ لەپێش ئەو یانەیەیە و پێنج یارییان ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ