رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە سروودی چامپیۆنزلیگ لە یاریگا گەورەکانی ئەورووپا لێدەدرێتەوە، سبەی شەو چاوەکان لەسەر دوو یاریی لووتکەی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکەن کە تێیدا چوار جەمسەری بەهێزی تۆپی پێی ئەورووپا، بۆ مانەوە لە کێبڕکێکی نازناوەکە دەجەنگن.
یارییەکانی شەوە ئەورووپییەکە سەرنجی زۆری لەسەر 'کلاسیکۆی ئەورووپا' لە نێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن بەخۆوە دەبینێت. لەلایەکی دیکەوە گەشتی ئارسیناڵ بۆ لیسبۆن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپۆرتینگ، یارییەکە سەرنجی زۆری لەسەرە.
لووتکەی بێرنابیۆ، ململانێی شکۆ و مانەوە
کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، شەوی سێشەممە یانەی ریال مەدرید بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت. تیپەکەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا دوای ئەوەی لە دوا یاریی لالیگادا تووشی شکستێکی چاوەڕواننەکراو بوو بەرامبەر مایۆرکا، ئێستا بە جیاوازیی 7 خاڵ لە دوای بارسێلۆنا پێشەنگەوەیە.
بەو پێیەی هیوای بردنەوەی لالیگا بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، ئەربێلۆا هەموو هێز و توانای خۆی خستووەتە گەڕ بۆ بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ. مەدریدییەکان کە خاوەنی 15 نازناوی ئەم خولەن و لە قۆناخی پێشوودا مانچێستەر سیتییان لە یارییەکی مێژووییدا کردە دەرەوە، دەیانەوێت بیسەلمێنن کە هێشتا گەورەی ئەورووپان.
نەخۆشخانەی مەدرید و بارودۆخی پێکانەکان لە مەدرید جێگەی نیگەرانییە. گەورەترین گورز نەبوونی گۆڵپارێز کۆرتوایە کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هێڵی بەرگری هەیە. هەروەها هەریەکە لە دانی سێبایۆس، فێرلان مێندی و رۆدریگۆ بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری بکەن.
گەڕانەوەی ئەستێرەکان گەڕانەوەی ئێمباپێ و بێلینگهام بۆ پێکهاتەی سەرەکی وای کردووە هاندەران گەشبین بن، هەروەها گەڕانەوەی میلیتاو دەبێتە هۆی تووندکردنی هێڵی بەرگری بەرامبەر هێرشەکانی بایرن.
بایرن میونشن بەدوای تۆڵەی مێژووییدا دەگەڕێت
یانەی بایرن میونشن بە راهێنەرایەتی ڤینسێنت کۆمپەنی لە بۆندێسلیگا 9 خاڵ لە پێشەوەی ریزبەندیدا دێت و تیپەکە لە رووی دەروونییەوە زۆر بەهێزە. لە دوا یارییاندا بە ئەنجامی 2 گۆڵ لە دوا بوون، بەڵام توانییان ریمۆنتادا بکەن و یارییەکە ببەنەوە. کۆمپەنی دەیەوێت لە رێگەی مانوێل نۆیەر و گۆڵکارەکەی کە هاری کەینە مێژوویەکی نوێ بنووسێتەوە. مێژوو رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو یانەیە هەمیشە پڕ بووە لە رکابەرییەکی سەخت، ئەمەش یارییەکە دەکاتە یەکێک لە بینراوترین یارییەکانی ساڵ.
ئارتێتا لە نێوان لووتکەی خول و شکستی جامەکاندا
بۆ میکێڵ ئارتێتا، ئەم وەرزە پڕە لە بەرز و نشێوی بوو. هەرچەندە ئارسیناڵ لە لووتکەی پرێمەرلیگدایە، بەڵام لە یارییەکانی جامدا ئاستێکی زۆر ناجێگیر پێشان دەدەن. دوای دۆڕانی یاری کۆتایی کاراباو کەپ و کرانە دەرەوەیان لە جامی یەکێتی ئینگلتەرا بەرامبەر ساوسهامپتۆن، ئێستا گوشارێکی زۆر لەسەر ئارتێتایە تاوەکو بیسەلمێنێت لە ئەورووپاش دەتوانێت وەک رکابەرییەکانی خول بەهێز بێت.
قەیرانی پێکان لە لەندەن، میکێل مێرینۆ، تیمبەر، هینکاپێ و ئێزێ بەهۆی پێکان پێشبینی دەکرێت نەتوانن بەشدار بن لە یارییەکەدا، هەموو چاوەکان لەسەر دێکڵان رایسە کە گومان لە بەشداریکردنی هەیە، بەڵام ئارتێتا متمانەی خۆی پێشاندا کە بتوانێت ئەو یاریزانە گرنگە بۆ ناوەڕاستی یاریگا ئامادە بکات.
لیسبۆن، روی بۆرگێس و پلانی سوپرایز
یانەی سپۆرتینگ لەژێر دەستی راهێنەر روی بۆرگێس، یەکێکە لە ترسناکترین تیپەکانی ئێستای ئەورووپا. ئەوان 3 یاریی رابردووی خۆیان لە خولی پۆرتوگالی بردووەتەوە و لە پلەی دووەمدان. لە چامپیۆنزلیگدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەریان هەیە و بەتایبەت لە چامپیۆنزلیگ کە توانییان ریمۆنتادایەکی گەورە بەرامبەر بۆدۆ گلیمتی سوپرایزەکەی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ بوو بکەن.
پێکانەکانی سپۆرتینگ بێبەش دەبێت لە تواناکانی نونۆ سانتۆس و کوێندای گەنجە بەهرەمەندەکە، روی بۆرگێس دەیەوێت سوود لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانیان وەربگرێت و لە یاریگای خۆیاندا زەبرێکی کوشندە لە ئارسیناڵ بدەن، کە لە دوایین رووبەڕووبوونەوەیاندا سپۆرتینگ بە لێدانی یەکلاکەرەوە توانی ئارسیناڵ لە چآمپیۆنزلیگی 2023 دووربخاتەوە.
ئەو دوو یارییەی سبەینێ شەو تەنیا رکابەرییەکی ئاسایی نین، بەڵکو جەنگی مانەوە و سەلماندنی تواناکانن. ئایا ئەربێلۆا دەتوانێت لە بێرنابیۆوە وەرزەکەی رزگار بکات و بایرن تووشی شۆک بکات؟
ئارتێتا و گەنەرز دەتوانن لە لیسبۆنەوە وەڵامی رەخنەگرانیان بدەنەوە و کۆتایی بە نەفرەتی جامەکان بهێنن؟ هەموو ئەگەرەکان کراوەن و بێگومان ئەنجامی ئەم یارییانە رێڕەوی وەرزی ئەم چوار یانە زەبەلاحە دەگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ