ئەمشەو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئاگربارانە

08-05-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشە یارییە ئاگرینەکەی گەڕانەوەی قۆانخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە نێوان ریال مەدرید و بایرن میونشن، کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، کە لە یاریی گەڕانەوەدا هەردوو یانە 2-2 یەکسانبوون.
 
پاش دانپێدانانی کارلۆ ئەنچیلۆتی لە دوای یاریی چوون، بەباشتر دەرکەوتنی بایرن میونشن لە ریال مەدرید، ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی سەروەرییەکی دیکەی مێژوویی لەگەڵ یانەکەدا دەدات، لەپێناو گەیشتنەوە بەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
ریال مەدرید و کارلۆ ئەنچیلۆتی، وازیان لەسەرگەرمییەکان و خۆشیی بردنەوەی نازناوی ژمارە سی و شەشی لالیگا هێنا، کەمێک سەمایان بۆ دەستکەوتەکە کرد و گوتیان هێشتا ئەرکێکی گەورەتر ماوە، ئەرکەکە ئەمشەو لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێت، پێویستە ریال مەدرید جارێکی دیکە شایستەیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ، دووپات بکاتەوە.
 
ریال مەدرید وەکچۆن لەسەرەتای وەرزدا بەربژێرنەبوو بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگا، لە چامپیۆنزلیگیشدا بەچاوپۆشین لە مێژووی باڵادەستی تیپەکە لە پاڵەوانێتییەکەدا، پێشبینیکراونەبوو تاوەکو ئێستا لە هەنگاونان بەئاراستەی جامەکە بەردەوام بێت، چونکە سەرەتای تیپەکە، سەرەتایەکی لێوانلێو بوو لە گومان و ڕاڕایی بەهۆی پێکهاتە و پێکانەکانی تیپەکەوە.
 
دانی کارڤاخال، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، لەبارەی یارییەکەوە گوتی "راهێنەر و ئەندامانی دەستەی مەشق خاوەنی بەشی گەورەی سەرکەوتنەکانی ئەمساڵمانن. تیپەکە چەندین یاریزانی گرنگی وەک کەریم بنزیما و مارکۆ ئاسێنسیۆی لەدەستدا، بەڵام ئەوان بۆشاییەکەیان بەبەدەستهێنانی ژمارەیەک یاریزانی مەزن پڕکردەوە. ئێمە بەدەست پێکانی درێژخایەنی سێ یاریزانی گرنگەوە ناڵاندمان، بەڵام وێڕای ئەوەش تەنیا دوو یاریمان دۆڕاند لە وەرزەکەدا و ئێستا تەنیا دوو یاری لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگەوە دوورین. راهێنەر سەرکەوتوو بوو لە پاڵنانمان بەئاراستەی پارێزگاری لە فۆکەسی تەواو لەسەر تیپەکە".
 
کارڤاخال کە لە یاریی چووندا بەشداری نەکرد، بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتی زەردەوە، ئەمشەو ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی باڵە خێراکانی بایرن میونشنی دەکەوێتە سەرشان و ئەو بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر یارییەکەی ئەمشەو دوایین یاریی سەر سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێت بۆ هەندێک یاریزان، شەوەکە کۆتاییەکی خۆشی هەبێت.
 
دانی کارڤاخال، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، گوتی "پێویستمان بەچێژوەرگرتن لە هەموو یارییەک هەیە. هیوادارم هەڵەبم، بەڵام پێموایە ئەم یارییە دوایین یاریی سەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێت بۆ یەکێک یان چەند هاوڕێیەکم، لەبەرئەوە هیوادارم یارییەکە سەرکەوتنی ریال مەدریدی تێدا بێت، تاوەکو پێکەوە چێژی لێوەربگرین، چونکە ئەوە دڵخۆشمان دەکات".
 
بۆ ریال مەدرید هەموو یارییەکی چامپیۆنزلیگ پاڵنەرە لەپێناو بردنەوەدا.. تیپەکە ئێستا خۆی وا دەبینێتەوە کە یارییەکەی ئەمشەو هەلێکی دیکەی مێژووییە و دەبێ بەباشترین شێوە بیقۆزێتەوە تاوەکو جارێکی دیکە بگاتەوە بەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و وەرزەکەی لە لووتکەی تۆپی پێی ئەوروپادا کۆتایی پێبهێنێتەوە.
 
دووبارەکردنەوەی کۆتاییەکی دیکەی تەواو ئەڵمانییانە لە فایناڵی چامپیۆنزلیگ و لەسەر یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن، پاڵنەرێکی دیکە دەبێت بۆ بایرن میونشن، تاوەکو ئەمشەو هەموو توانای خۆی لەپێناو تێپەڕاندنی ریال مەدرید بخاتە گەڕ، پاشئەوەی بۆرووسیا دۆرتمۆند بووە لایەنی یەکەمی یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
بایرن میونشن لە یاریی چووندا تاڕادەیەکی زۆر لەسەرکەوتنەوە نزیکبوو. تیپەکەی تۆماس توخێلی راهێنەر مامەڵەیەکی ورد و پڕ لە تاکتیکی ئاڵۆزی لەگەڵ یارییەکەدا کرد و هەموو ئەو گومانانەی رەواندەوە کە بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵ لەسەر تیپە دەستبەتاڵدەرچووەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دروستبووبوون.
 
هاری کەین، کە لە یاریی چووندا گۆڵێکی بۆ بایرن تۆمارکردووە و دەیەوێت تارمایی بێچانسی بەرامبەر نازناوەکان لە مێژووی خۆیدا بسڕێتەوە، چامپیۆنزلیگ تاکە نازناوی بەردەست دەبێت تاوەکو ساڵێکی دیکەی تەمەنی بێ نازناو بەسەر نەبات. ئەو دەیەوێت جارێکی دیکە خۆی لەسەر یاریگەی وێمبڵی ببینێتەوە لەپێناو هەوڵدانەوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییە گەورەکە، پاشئەوەی پێشتر لەگەڵ تۆتێنهامدا ئەو هەلەی لە ساڵی 2019دا لەدەستدا.
 
مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشن، دەڵێت "بوونی هاری کەین لە ریزەکانماندا وەک هێرشبەر، رکابەرەکانمان بەرێزگرتنی زیاتر لێمان ناچار دەکات. بێگومان ئەو یاریزانێکی سەرنجڕاکێشە نەک تەنیا بەگۆڵەکانی، بەڵکو بە ئەسیستەکانیشی و هەموو شتێکی دیکەش کە پێشکێشی دەکات. لەلایەکی دیکەوە، ئێمە دەزانین یاریزانانی ریال مەدرید چ کوالیتییەکیان هەیە، بۆ نموونە جود بێلینگهام، ئێمە لە خولی ئەڵمانییەوە دەیناسین و دەزانین خاڵی بەهێز و لاوازی ئەو چییە. ئەو یاریزانێکە بەهۆی رۆحی جەنگانی خۆیەوە، دەتوانێت تیپەکە هەمووی باشتر بکات".
 
بایرن میونشن کە لە رووی توانای جەستەیی، گەڕانەوەی یاریزانان لە پێکان و پاڵنەرەوە لە یارییەکەی پێشووی بەرامبەر ریال مەدرید ئامادەتر و باشترە، هەست بەهەستیاریی دەرکەوتن لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەکات، هەر بۆیە تیپەکە وەک هەمووان دووپاتیدەکەنەوە، دەبێ ئاگای لە وردەکارییەکانی یارییەکە بێت.
 
لە بایرن میونشن، هەر تەنیا دووبارەبوونەوەی مێژوو بەرامبەر دۆرتمۆند پاڵنەر نییە بۆ یاریزانەکانی یانەکە تاوەکو بگەنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵکو بۆ ئەوان دڵنیاییدان بە هاندەرەکانیان لە کۆتایی وەرزێکی لێوانلێو لە ناکۆکی و شکست و لەدەستدانی باڵادەستی بەسەر بۆندێسلیگادا، بردنەوەی چامپیۆنزلیگ دەتوانێت هەموو ئەو پردی پەیوەندییانەیان لەگەڵ هاندەرەکانیاندا بۆ دروست بکاتەوە کە بەدرێژایی وەرزی ئەمساڵ لە داڕمان نەوەستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە