رووداو دیجیتاڵ
رافینیای هێرشبەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هێرشی تووندی کردە سەر یەکێک لە کارمەندانی 'دیزنی لاند پاریس' و بەمامەڵەی نادروست لەگەڵ گایلی کوڕی تۆمەتباری کردن.
ئەو یاریزانە کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیلە بۆ بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، لە پلاتفۆرمەکانی خۆی لە سۆشیال میدیا چەندین بابەتی جیاوازی لەسەر رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە.
رافینیا بەتووندی هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە کارمەندەکانی 'دیزنی لاند پاریس' و دەڵێ، "فەرمانبەرەکانتان مایەی شەرمەزارین، نابێ بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا بکەن، بەتایبەت منداڵان. بڕیارە ئەوان هاوکاریی منداڵان بکەن نەک رقیان لێیان ببێتەوە. باشترە لەوەی ئەوەی روویدا ناوبنێم رقلێبوونەوە، ئەوان مایەی شەرمەزارین".
هێرشبەرە بەرازیلییەکە دەڵێ، نامەوێت راستەوخۆ ئەوەی روویدا ناوبنێم رەگەزپەرستی، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە کە یەکێک لەو کارمەندانەی شاری یارییەکە، کە ماسکۆتی پارکەکەیە، تەنیا منداڵانی سپی پێستی لەئامێز دەگرت و کوڕەکەی منی پشتگوێخست.
رافینیا دەپرسێت، "تێدەگەم ئەوانەی ئەوکارە دەکەن چەندە ماندوو دەبن، بەڵام بۆچی ئەو ماسکۆتە هەموو منداڵە سپیپێستەکانی لە ئامێزگرت و تەنیا کوڕەکەی منی لەئامێز نەگرت؟".
رافینیا دواتر زمانی نووسینەکانی تووندترکردووە و دەڵێ، "رقم لە دیزنی لاندی پاریسە، کوڕەکەم تەنیا ویستی سڵاوێکی لێ بکرێت، بەوەی باشە ئەو لە رووداوەکە تێناگات، بەڵام دیزنی لاندی پاریس، ئەو فەرمانبەرەتان بیڕێز و بێ بەهایە".
تووڕەبوون لە رووداوەکە پەڕیوەتەوە بۆ هاوژینەکەی ئەو یاریزانەش.
تایا بیلۆلی کە دووپاتیکردووەتەوە رووداوەکەی لە نزیکەوە بینیوە، دەڵێ، "ماسکۆتەکە دەستی منداڵێکی دیکەی گرت، تاوەکو دەستی منداڵەکەی من نەگرێت، هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو دەستی منداڵەکەی دیکەی گرت و دوورکەوتەوە لێمان، هەڵسوکەوتێکی چەند قێزەونە".
کارگێڕێی دیزنی لاند پارسی، تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوەکە و قسەکانی رافینیا و هاوژینەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ