ئەگەرچی باشترین یاریزانەکان لە وەرزی ئەمساڵی خولەکاندا ئاستیان بەرچاو نەبوو، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەو یاریزانانە بگەڕێنەوە سەر ئاستی جارانیان و جارێکی دیکە هیوا و متمانە بە خۆیان و یانەکانیان ببەخشنەوە.
بە شێوەیەکی گشتی لە زۆربەی ساڵەکاندا بینیومانە ئەستێرەکان تا رادەیەک و بۆ ماوەیەک بە ونبوونیان گومان دەخەنە نێو دڵی هاندەرانیان، جاری وا هەیە بە شێوەیەک دەردەکەون کە شایەنی ئەوەن هەر زوو بڵێن فڵانە ئەستێرە کۆتاییهاتووە و چیدیکە نادرەوشێتەوە، نموونەی زیندوو کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، ئەوەی باسی دەکەم لەسەر زۆربەی یاریزانەکانە، زۆر جار مێسی و نەیمار و چەندین ئەستێرەی دیکە لەم باروودۆخەدا بینراون، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەموو یاریزانێک زیاتر قسەی لەسەرە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە.
جیا لە رۆناڵدۆ ئەمساڵ ئەم دەردە ئێدین هازاردیشی گرتووەتەوە، پاولۆ دیبالا نموونەیەکی دیکەیە، بەڵام کێشەی ئەمەیان کەم یاریکردنییەتی، ئەگەر هاری کەینیش وەک هەمیشە بە ئاستە بەرزەکەیەوە دەرکەوتبا، ئێستا رەنگە مۆرینیۆ راهێنەری تۆتێنهام نەبوایە و پۆچێتینۆش دەستی لە کارنەدەکێشایەوە، گریزمانیش چاوەڕێی زۆری لێدەکرا، بەڵام هێشتا ئەوە نییە کە بارسێلۆنا و هاندەرانی دەیانەوێت.
لە یاریزانە لاوەکانیش راشفۆردمان بینی، ئەو ئەستێرەی یەکەمی یونایتدە، بەڵام یارییەک باش و یارییەک خراپ، کەس سەر لە ئاستی راشفۆرد دەرناکات.
فیلیپ کۆتینیۆ ئەگەرچی لە بایرن میونشن یەکەم ساڵییەتی، بەڵام ئەو یەکێكە لە باشترین ناوەڕاستکارەکان و هی ئەوە نییە تەنیا شتێکی ئاسایی بکات لە نێو یاریگا و بڵێین تەواو هەر ئەمە کاری کۆتینیۆیە، نەخێر ئەویش یەکێکە لە ئەستێرەکان، بەڵام لەم چەند مانگەی رابردوودا وەک کۆتینیۆی لیڤەرپوول یان باشتر دەرنەکەوتووە، هەموو ئەم ئەستێرانە و چەند ئەستێرەیەکی دیکە تا ئێرە بەم جۆرە هاتوون.
ئێستا کاتی دەرکەوتنەوەیە
ئەمە وەک شتێکی دووبارەی لێهاتووە لەدوای سەری ساڵی نوێوە ئەو ئەستێرانە بەرگێکی نوێ دەکەنە بەریان، لە دوای ساڵی نوێ بەهۆی هەستیاری و بەهێزی یارییەکان ئیدی ئەو یاریزانانە دووبارە دەکەونەوە رکابەری، ئێستا بۆ رۆناڵدۆ کاتییەتی کە بێتەوە سەر رکابەریکردنی لیۆنێل مێسی، ئەوان 10 ساڵ زیاترە رکابەری یەکدین و پێناچێت ئەمساڵ ئەم رکابەرییە کۆتاییبێت و پێشبینی گەڕانەوەی رۆناڵدۆ دەکەم بە ئاستێکی بەرزەوە.
بۆ هازارد، هاندەرانی یانەکە چاویان لەوەبوو ببێتە ئەستێرەی یەکەمی ریال مەدرید، بەڵام ئێستا ئاستی زۆر دابەزیوە، زوو زووش تووشی پێکان دەبێت، ئێستا بۆ هازارد کاتییەتی هەموو ئەوانە لە بیر مەدریدییەکان بباتەوە و وەک هازاردی چێڵسی خۆی بکاتە ئەستێرەی یەکەمی ریال مەدرید و یانەکەش لە دوو دڵی ئاست و ئەنجامەکانی رزگار بکات.
هاری کەینیش، چەند ساڵێک بینیمان لە کۆتاییەکانی وەرزدا یان هەر لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی خولی ئینگلیزییەوە، خۆی کۆدەکاتەوە و هاتریک تۆمارکردن و گۆڵکردن لای ئەو زۆر ئاسان و ئاسایی دەبێت، ئەمساڵیش ئەگەر ئەمە بۆ یانەکەی بکات رەنگە سپێشەڵ وەن بە چامپیۆنزلیگ شادبکاتەوە، کۆتینیۆ بۆ بایرن و بۆخۆشی کاتی گەڕانەوەیەتی و دەبێت بۆ کۆپا ئەمریکا پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی بەرازیل لەدەستنەدات، ئانتوان گریزمان هێشتا تێکنەشکاوە و ئەم دەرفەتەی لەپێشە بە ئاستێکی وا دەرکەوێت کە بە دڵنیاییەوە لە پێکهاتەی سەرەکی بارسێلۆنا بێت، نەک لە یارییەکاندا و گۆڕانکاری یەکەمی یانەکە گریزمان بێت و یاریزانەکە بە حەسرەتی بێت یارییەک بە تەواوی کۆتاییپێبهێنێت.
ئێستا خۆری هیچ ئەستێرەیەک لەوانەی باسمانکرد ئاوا نەبووە، بەڵکو ئێستا کاتی درەوشانەوەیانە و ئەمساڵیش یۆرۆ و کۆپا ئەمریکا بەڕێوەدەچن لەبەر ئەوە پاڵەپەستۆکان زیاترە و ئەو یاریزانانە جگە لە یانەکانیان دەبێت بیر لە هەڵبژاردەکانیشیان بکەنەوە، ئەوەی چەند ساڵێکە دەیکەن کە لەدوای سەری ساڵی نوێوە ئەوانیش نوێدەبنەوە، ئەمساڵ دەبێت نوێبوونەوەکەیان باشتر و کاریگەرتربێت و ئەوە دووپاتبکەنەوە هەر ئەوانن ئەستێرەی درەوشاوەی یاریگاکانی تۆپی پێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ